كۆبوونەوەی شاندی ھاوبەشی پارتی و یەكێتی لەگەڵ یەكگرتوو دەستیپێكرد
پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی لەگەڵ لایەنەكان تاوتوێ دەكەن

K24 - ھەولێر
بۆ تاوتوێكردنی پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، كەمێك لەمەوبەر شاندی ھاوبەشی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، گەیشتە بارەگای ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی لە ھەولێر.
ئاراس ئەحمەد پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "شاندی پارتی لە ھۆشیار زێباری و د. رۆژ نووری شاوێس و شاندی یەكێتی لە مەلا بەختیار و سەعدی ئەحمەد پیرە پێكھاتوون".
گوتیشی: "كۆبوونەوەكە دەستی پێكردووە، وەك پێشتر راگەیەندرابوو شاندی پارتی و یەكێتی دەیانەوێت پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی لەگەڵ لایەنەكان تاوتوێ بكەن".
دوێنێ مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، لە پیرمان كۆبوونەوە و رایانگەیاند، شاندێكی ھاوبەشیان پێكھێناوە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی دیكە و ھەروەھا بۆ دانوستان سەردانی بەغدا دەكەن.