له عێراق و ئێران زۆرترین كه‌س له سێداره‌دراون
ژماره‌كان هی تۆماری فه‌رمیی ده‌وڵه‌ته‌كانه

K24 - هه‌ولێر:
رێكخراوی لێبوردنی نیوده‌وڵه‌تی، له راپۆرتێكدا، ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه كه، رێژه‌ی له سێداره‌دان له چاو ساڵی رابردوودا 37% كه‌میكردووه، ته‌نها له وڵاتی چین نه‌بێت ساڵانه زیاتر له وڵاتانی دیكه بڕیاری له سێداره‌دانی تێدا جێبه‌جێ ده‌كرێت".
چالاكوانانی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌ڵێن" ساڵی 2015 جیهان ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆماركردووه و 1634 كه‌س له سێداره‌دراوه، به‌ڵام ساڵی 2016 ئه‌و ژماره‌یه كه‌میكردووه بۆ 1032 كه‌س و له 23 وڵات‌دا ئه‌نجامدراوه، ئه‌م ئامارانه‌ش چینی تێدانییه، چونكه له‌و وڵاته له سێداره‌دان وه‌ك زانیاریی نهێنی ئه‌ژمارده‌كرێت و یه‌كێكه له نهێنییه‌كانی ده‌وڵه‌ت".
رێكخراوه‌كه ده‌ڵێت" ساڵی 2016 چه‌ندین هه‌زار كه‌س به ته‌نها له چین له سێداره‌دراون".
ئه‌و ژماره خه‌مڵێنراوانه له‌گه‌ڵ ژماره فه‌رمییه‌كانی چین جیاوازه، چونكه ئه‌و وڵاته رایگه‌یاندووه" ته‌نها 85 كه‌س له ساڵانی 2014 تا 2016 له سێداره‌دراون".
له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش، 141 ده‌وڵه‌ت ئه‌و سزایه به‌گوێره‌ی یاسا په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن.
له‌وباره‌یه‌وه "سلیل شیتی" ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڵێت" جگه له چین، چوار وڵاتی دیكه كه (ئیران، سعوودیه، عێراق، پاكستان)ـنن، به‌رپرسیارن له 87% كۆی رێژه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ی له سێداره‌دان كه له جیهاندا ئه‌نجام ده‌درێن و ژماره‌كانیان زانراوه و تۆماركراون".
رێكخراوه‌كه ژماره‌كان به‌هۆی چاودێریكردنی تۆماره فه‌رمییه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كان كۆده‌كاته‌وه و پێشبینی ده‌كه‌ن، ژماره‌كان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ژماره فه‌رمییانه زۆر زیاتربن.