راپرسی: ریفراندۆمەكەی توركیا دەنگ ناھێنێتەوە
دروستكردنی قەیران لەگەڵ ھۆڵەندا بۆ بەرزكردنەوەی دەنگی بەڵێ بۆ ریفراندۆمەكەی دەستوور بوو

K24 - ھەولێر
سەنتەری یوروئاسیا بو توێژێنەوە ئەنجامی راپرسییەكەی لە بارەی ریفراندۆمی دەستوری توركیا رادەگەیەنێت، كە بڕیارە رۆژی 16 نیسانی داھاتوو ئەنجام بدرێت.
بە پێی ئەم راپرسییە 55.33% بەشدارانی راپرسیەكە بە "نا" دەنگ بەو ریفراندۆمەی دەستوور دەدەن، كە بە ھاوبەشی نێوان پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و سێیەم پارتی ئۆپۆزسیۆن، بزووتنەوەی نەتەوەیی ئامادەكرا و بە دەنگی پەرلەمانتارانی ھەردوو لا لە پەرلەمان پەسندكرا.
داویین راپرسی لە رۆژانی 18 تا 22 ئادار لە 26 پارێزگا و قەزاكانی توركیا ئەنجامدرا و 2032 كەس بەشدارییان تێیدا كردووە.
لە وەڵامی پرسیاری "لە ریفراندۆمی 16 نیسان بە چ شێوەیەك دەنگ دەدەی؟"، 40.63% بە "نا" وەڵامیان داوەتەوە و 32.54% بە "بەڵێ" و 14.76% دەنگ نادەن و 12.7% بڕیاریان نەداوە.
بە دابەشكردنی دەنگەكانی ئەوانەی دەنگ نادەن و لەگەڵ ئەوانەی بڕیاریان نەداوە، 44.47% بە "بەڵێ" دەنگ دەدەن و 55.53 بە "نا" دەنگ دەدەن.
ھەر بە پێی ئەم راپرسییە 55.3% بەشدارانی، پێیان وایە دروستكردنی قەیران لەگەڵ ھۆڵەندا بۆ بەرزكردنەوەی دەنگی بەڵێ بۆ ریفراندۆمەكەی دەستوور بوو.
پرۆژەی ھەمواركردنەوەی 18 مادەی دەستوور بە ھاوبەشیی ھەر یەك لە پارتی دەسەڵاتداری توركیا داد و گەشەپێدان ـ ئاكپارتی و پارتی ئۆپۆزسیۆنی بزووتنەوەی نەتەوەیی ـ مەھەپە ئامادە كرا و رۆژی 20 كانوونی دووەمی رابردوو بە دەنگی پەرلەمانتارانی ھەردوولا پەسندكرا.
سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی 10 شوباتی رابردوو یاسای ھەمواركردنەوەی دەستووری ئیمزا كرد و رۆژی 16 نیسانی داھاتوو دەخرێتە بەر دەنگدانی گشتی.
دانیشتنەكانی پەرلەمانی توركیا بۆ ھەموار كردنەوەی دەستوور چەندین شەڕە قسە و شەڕی دەستەویەخە لێكەوتەوە، كە دواترینیان شەڕی دەستەویەخەی ژنە پەرلەمانتاران بوو.
ھەر لەم شەڕەدا دوو ژنە پەرلەمانتار كەوتنە خوارەوە، پاش ئەوەی ژنە پەرلەمانتەرێكی بێ لایەن بۆ دەربڕینی نارەزایەتیی خۆی بەرامبەر ھەمواركردنەوەی دەستوور دەستەكانی بەو مێزەوە كەلەپچە كرد كە بۆ پێشكەشكردنی لێدوان و گوتار دانراوە.