بارزانی: دەوڵەتی عێراق بەرپرسیارە لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان

باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدانمان دابینکردنی داهاتوویەکی ئازاد و سەربەخۆیە

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ په‌یامێكدا، به‌بۆنه‌ی 29ه‌مین ساڵیادی كاره‌ساتی ئه‌نفال، رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌نفال پەڵەیەكی شەرمەزارییە لەسەر تەوێڵی دوژمنان و جیهان و برینێکی بەئازاریشە بە جەستەیی مرۆڤایەتی، بەتایبەتییش ئەوانەی لەبەرانبەر ئەم كارەساتەدا بێدەنگییان هەڵبژارد.

بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌دا، جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، دەوڵەتی عێراق بەرپرسیارە لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا، هاتووه‌: "حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ڕوفاتی پیرۆزی هەموو شەهیدانی ئەنفال بۆ خاكی نیشتیمان  و پێویستە بە باشترین شێوە خزمەتی خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال بكرێت".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

لە بیست و نۆیەمین ساڵیادی دەستپێكردنی شاڵاوی ئەنفال لە دژی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان، هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی قوربانییانی کارەساتی ئەنفال دەكەین.

ئەنفال پەڵەیەكی شەرمەزارییە لەسەر تەوێڵی دوژمنان و جیهان و برینێکی بەئازاریشە بە جەستەیی مرۆڤایەتی، بەتایبەتییش ئەوانەی لەبەرانبەر ئەم كارەساتەدا بێدەنگییان هەڵبژارد. پێویستە هەوڵەكانی بەجینۆساید ناساندی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهانی بەردەوام بن و بگەنە ئەنجام. جەختیش دەکەینەوە کە دەوڵەتی عێراق بەرپرسیارە لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان.  حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ڕوفاتی پیرۆزی هەموو شەهیدانی ئەنفال بۆ خاكی نیشتیمان  و پێویستە بە باشترین شێوە خزمەتی خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال بكرێت.

ئەنفال و سەرجەم ئەو تاوانانەی دژی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و خاکی کوردستان ئەنجام دراون، بەڵگەی زیندوون بۆ ڕەوایی ماف و داخوازیمان و نابێ ئەو هەموو قوربانیدانە بێ ئەنجام بێت و باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدانمان دابینکردنی داهاتوویەکی ئازاد و سەربەخۆیە و ئەوە تاکە گرێنتییە کە چیدیکە گەلەکەمان نەکەوێتە بەر هەڕەشەی دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانەی دەرهەقمان ئەنجام دراون و هەموو پێکهاتەکان لەژێر ئاڵای کوردستاندا بە برایەتی و  ئارامی بژین.

مسعود بارزانی

14ی 4ی 2017