لایەنگرانی ئەسەد منداڵەكانیان ناودەنێن پوتن
ئەسەد بڕیاریداوە زمانی رووسی ببێتە زمانی دووەمی سوریا

K24 - ھەولێر
لە كاتێكدا لایەنگرانی بەشار ئەسەد سەرۆكی روسیا، منداڵەكانیان ناودەنێن پوتن، ئەسەد لە دیمەشق زەوییەك بۆ قوتابخانەیەكی خوێندنی زمانی روسی تەرخانكردووە و بڕیاریشی داوە پێویستە زمانی رووسی ببێتە زمانی دووەمی سوریا.
باڵیۆزی روسیا لە مۆسكۆ، ریاز حەداد بە ئاژانسی ھەواڵیی تاس رادەگەیەنێت "خێزانەكانی سوری منداڵەكانیان ناودەنێن پوتن، وەك رێزگرتنێك لە یارمەتییەكانی سەرۆكی روسیا بۆ ھاوتا سوورییەكەی لە شەڕی شەش ساڵەی ئەم وڵاتە".
حەداد ھەر لەم بارەوە گووتی " بەشار ئەسەد ھەروەھا زمانی رووسی كردووەتە زمانی دووەمی سووریا و لە نزیك دیمەشق زەوییەك بۆ دروستكردنی قوتابخانەیەكی رووسی بەخشیوە".
ئەم بەرپرسەی رژیمی سووریا ئاماژەی بەوەدا "بڕیاری ئەسەد بۆ كردنی زمانی رووسی بە زمانی دووەم لە سوریا نیشانەی رێزگرتنە لە خەڵكی رووسیا بەرامبەر یارمەتییەكانیان بۆ سووریا".
قسەكانی باڵیۆزی سووریا لە میانەی كۆبوونەوەیەك لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی فیدراڵی رووسیا، ئیلیاسۆم ئوماھانۆڤیم خراونەتەڕوو.

ناونانی منداڵان پاش كۆتاییھانی شەڕ و كێبركێیە وەرزشییەكان، شتێكی نوێ نییە.
رۆژنامەی گاردیان بڵاویكردەوە، لە سەرەتای یەكێتی سۆڤییەت، خێزانەكانی ئەم وڵاتە منداڵەكانیان بە ناوی سیمبوڵەكانی دەسەڵات ناونا، وەك "ڤلادیلێن" بۆ "ڤلادمیر ئیلیچ لێنین"، یان "رێم" بۆ "ریڤۆلیویسیا میرۆڤایا".
لەم دواییانەش، ئەلبانییەكانی كۆسۆڤۆ بۆ رێزگرتن لە رۆڵی بریتانیا لە ھێرشەكانی ناتۆ بۆ سەر سربییەكانی دوژمنیان، منداڵەكانیان ناونا "تۆنیبلێر"، سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی بریتانیا.