مەسرور بارزانی: پێویست ناکا موزایەدە بە کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە بکرێت

"چەندین پێشنیار ھەن کە پێویستیان بە تاوتوێکردن ھەیە و پێمان وایە بە ھەموو لایەکمان دەتوانین بگەینە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی ئامانجە نیشتمانییەکاندا بێت"

K24 - ھەولێر

مەسرور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پارتی لە ھەموو لایەنێک بە پەرۆشتر و جدیترە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێویست ناکات ھیچ لایەنێک موزایەدە بەم پرسەوە بکات.

لە لێدوانێکیدا بۆ ھەفتەنامەی باس، مەسرور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاندووە: "پێویست ناکات ھیچ لایەنێک موزایەدە بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانەوە بکات و پارتی لە ھەموو لایەنێک بەپەرۆشترە بۆ ئەم پرسە".

لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەدا مەسرور بارزانی دەڵێت: "پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەموو لایەنەکانی دیکە کورسیی زیاترە لە پەرلەمانی کوردستاندا و لە ھەموو لایەکیش زیاتر لایەنگری کاراکردنەوەی پەرلەمانێکی تەندروست و کارایە کە لە خزمەتی گەل و نیشتماندا بێت، بەڵام دیارە بۆچوونی جیاواز لە چۆنیەتیی کاراکردنەوەی پەرلەماندا ھەیە".

مەسرور بارزانی راشیگەیاند: "ئەگەر مەبەست کاراکردنەوەی پەرلەمانێک بێت کە لە خزمەتی گەل و نیشتمان و پرۆسە گرنگ و ستراتیجییەکانی ھەرێمی کوردستاندا بێ، ئەوا چەندین پێشنیار ھەن کە پێویستیان بە تاوتوێکردن ھەیە و پێمان وایە بە ھەموو لایەکمان دەتوانین بگەینە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی ئامانجە نیشتمانییەکاندا بێت، بێگومان ئەوەش جیاوازە لە چارەسەرکردنی کێشە حزبییەکان کە لەسەر حسابی پەرلەمان و پرسە گرنگ و چارەنووسسازەکان، لایەنێکی دیاریکراو رازی بکرێت".

ھەر لەو لێدوانەی بۆ ھەفتەنامەی باس مەسرور بارزانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "ئێمەش وەکوو پارتی، ھەمیشە داکۆکیمان لە موئەسەساتی یاسایی و دیموکراتی کردووە، تەنیا جیاوازیی ئێمە ئەوەیە کە پارتی پیێ باش نییە ئەم موئەسەساتانە بۆ بەرژەوەندیی تەسکی حزبی یان شەخسی بەکار بێن و لە کۆبوونەوەکانیشماندا لەنێو خۆمان و لەگەڵ لایەنەکانیشدا، بەڕاشکاوی باسی ئەم بابەتەمان کردووە".

Fly Erbil Advertisment