شه‌ڕی گرووپه ئیسلامییه‌كانی توركیا له مه‌ككه
جێگرتنه‌وه‌ی رێبه‌ره پیره‌كه‌یان هۆكارێكی ئه‌م شه‌ڕه‌یان بووه

K24 – هه‌ولێر
ئه‌و دوو گرووپه ئیسلامییه‌ی توركی رۆژی 25 نیسانی رابردوو له مه‌ككه تووشی شه‌ڕ و پێكدادان ببوون، سكالایان دژی یه‌كتر تۆماركرد.
ئه‌و دوو گرووپه‌ی نه‌قشبه‌ندی ركاربه‌ری یه‌كترن و زۆرێك له ئه‌ندامانیان بۆ عومره چووینه‌ته مه‌ككه و به هۆی شه‌ڕ و پێكدادانی نێوانیان زیاتر له 10 كه‌س برینداربوون.
رۆژنامه‌ی جمهورییه‌تی توركی بڵاویكردوه، گرووپی قیامده‌ر سه‌ر به جه‌ماعه‌تی ئیسماعیل ئاغا و جه‌ماعه‌تی قوتابخانه‌كانی فاتیح چه‌ندین ساڵه ركابه‌رایه‌تی یه‌كتر ده‌كه‌ن. هه‌ردوو گرووپ، پاش شه‌ڕه‌كه‌ی مه‌ككه سكاڵایان دژی یه‌كتر تۆمار كردووه.
هه‌ردوو گرووپه له به‌رده‌م هوتێلێك له مه‌ككه به دووری كیلۆمه‌ترێك له كه‌عبه به‌ربوونه گیانی یه‌كتر.
رێبه‌ری جه‌ماعه‌تی قوتابخانه‌كانی فاتیح، مه‌عسووم بارایكتار له كاتی گه‌ڕانه‌وه له مه‌ككه گووتی كه‌وتینه به‌ر هێرشی 150 كه‌س له جه‌ماعه‌تی قیامده‌ر.
په‌یجی فه‌یسبووكی قوتابخانه‌كانی فاتیح، لێدوانێكی رێبه‌ره‌كه‌یان بڵاوكره‌وه كه تێیدا ده‌ڵێت ئه‌وه یه‌كه‌م هێرشی قیامده‌ر نه‌بوو و كۆتاییش نابێت و ساڵانه له ناوخۆی توركیا و هه‌روه‌ها له كاتی حه‌ج و عومره هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ئه‌ندامانمان.
هه‌ردوو گرووپ پێشتر سه‌ر به جه‌ماعه‌تی ئیسماعیل ئاغا بوون، به‌ڵام رێبه‌ری ئه‌م جه‌ماعه‌ته، مه‌حموود ئوستاعوسمانئۆغلو له ساڵی 2013 رایگه‌یاند مه‌عسووم بایاراكتار و قونابخانه‌كانی فاتیح، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌و ئه‌وه نییه.
جه‌ماعه‌تی ئیسماعیل ئاغا، گرووپێكی نه‌قشبه‌ندییه و ناوه‌كه‌شی له مزگه‌وتی ئیسماعیل ئاغا له ئیستانبوڵ وه‌رگیراوه و له لایه‌ن "مه‌حمود ئوستاعوسمانئۆغلو" رێبه‌ری ده‌كرێت كه له ساڵانی نێوان 1954 تا 1996 مه‌لای مزگه‌وتی ئیسماعیل ئاغا بووه و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزیشی له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا هه‌یه.

رۆژنامه‌نووس، تایفۆن ئاتای له نووسێنێكدا له رۆژنامه‌ی جمهوورییه‌ت بڵاویكرده‌وه "توركیای نوێ، زه‌مینه‌ی روودانی شه‌ڕی ته‌ریقه‌ته‌كانه".
هۆكاری سه‌ره‌كیش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه "دامه‌زرێنه‌ری جه‌ماعه‌تی ئیسماعیل ئاغا، شێخ محه‌مه‌د هۆجا (ئوستاعوسمانئۆغلو زۆر پیر و نه‌خۆش بووه، دیار نییه كێ شوێنی ده‌گرێته‌وه‌و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته 10-15 كاندید هه‌ن بۆ جێگرتنه‌وه".
له باره‌ی شه‌ڕی ئه‌م دواییه‌ی هه‌ردوو جه‌ماعی قیامده‌ر و قوتابخانه‌كانی فاتیح له مه‌ككه نووسیویه‌تی "هه‌ردوو جه‌ماعه‌تی ركابه‌ری ئیسماعیل ئاغای نه‌قشبه‌ندی له كاتی چوون بۆ عومره به‌ربوونه گیانی یه‌كتر، ده‌موچاو و ئیسكه‌كانی یه‌كتریان شكاند و خوێنیان تیكه‌ڵاو بوو".
Masum bayraktar ve müntesipleri hakkında kamoyu duyurusu (https://t.co/ZNtPuMbYVa…) pic.twitter.com/x2GSjKnhLq
— Kıyamder (@KIYAMDER) April 29, 2017