خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی رەتیدەكەنەوە 100 ھەزاردینار بدەنە زانكۆ

نوێنەری خوێندكاران داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەكات خوێندكاران لەو بڕە پارەیە ببەخشن

K24 - سلێمانی

نوێنەرایەتی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی و بەشێک لە خوێندکارانی ناڕازی بەشە ناوخۆییەکان رەتیدەکەنەوە، بڕی 100 ھەزار دینار بدەنە زانکۆی سلێمانی.

ئەمڕۆ بەشێک لە خوێندکارانی ناڕازی بەشە ناوخۆییەکان و نوێنەرایەتی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بۆ دژایەتی کردنی پێدانی بڕی 100 ھەزار دیناری بەشە ناوخۆییەکان  گردبوونەوەیەکیان ئەنجامداو داوایان کرد ئەو بڕیارە ھەڵبوەشێتەوە.

لە بەیاننامەیەکیشدا نوێنەرایەتی گشتی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەکات بۆ وەرزی خوێندنی ئەمساڵ خوێندکاران لەو بڕە پارەیە ببەخشن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ 1 ئایار ئەو وادەیە کۆتایی پێھات کە وەکو دوا دەرفەت درابوو بە خوێندکاران بۆ ئەوەی بڕی 100 ھەزار دیناری داواکراو بدەن بە زانکۆ، کە  پێشتر ئەم بڕیارە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دەرکرابوو.

جیاواز لەم کێشەیەش بەشێک لە خوێندکارانی دیکە داوا دەکەن بە زووترین کات ئەو بەشە ناوخۆییەیان بۆ نۆژەن بکرێتەوە کە 10 رۆژ بەر لە ئێستا سوتا و کامەندێکی بەرگری شارستانیش بەو ھۆیەوە گیانی لە دەستدا.

Fly Erbil Advertisment