كادیرێكی پێشكەوتووی یەكێتی: گرفتی بڕیاردانمان ھەیە و ناتوانین بە ئاسانی كۆنگرە ببەستین
دەنگۆی بەستنی گۆنگرە لە ناو ئۆرگانەكانی یەكێتی بڵاودەكرێتەوە
K24 - سلێمانی
بە گوتەی ژمارەیەی لە سەركردە و بەرپرسە باڵاكانی یەكێتی، بەستنی گۆنگرەی چواری حزبەكەیان بووەتە باسی گەرمی نێو ئۆرگانەكانیان، لە بەرامبەردا ئەندامێكی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، یەكێتی گرفتی بڕیاردانی ھەیە و ناتوانێ بە ئاسانی بڕیارەكانی بخاتە بواری كردارەوە.
زوبێر عوسمان جێگری سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بە كوردستان24 گوت: "ھەرچەندە كات دیار نەكراوە بۆ بەستنی كۆنگرەی 4 یەكێتی، بەڵام دەنگۆی بەستنی كۆنگرە گەرمە و پێدەچێت ئەمساڵ كۆنگرە بكرێت".
پەیوەست بەو باسە ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند: "یەكێتی گرفتی بڕیاردانی ھەیە و ناتوانێ بە ئاسانی بڕیارەكانی بخاتە بواری كردارەوە، ئەمە وای لێدەكات یەكێتی نەتوانێ ھەنگاوی پێویست بۆ كۆنگرە بنێت، كێشەی ناوخۆ رێگەمان پێنادات بە ئاسانی كۆنگرە بگرین".