میشێل نهێنییه‌كی ته‌مه‌ن 8 ساڵه‌ی ئۆباما ئاشكرا ده‌كات
میشێل ئۆباما: ماوه‌ی هه‌شت ساڵ ئۆباما له بۆنه‌كاندا هه‌مان قات و پێڵاوی به‌كارهێناوه

K24 - هه‌ولێر:
میشێل ئۆبامای هاوسه‌ری سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا، باراك ئۆباما، له كۆنگره‌ی شاره‌زایانی ئه‌پڵ له سان خوسیه‌ی ویلایه‌تی كالیفۆڕنیا نهێنییه‌كی سه‌یر و سه‌رنجڕاكێشی له‌باره‌ی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه ئاشكرای كرد، كه له‌ماوه‌ی 8 ساڵی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا كردوویه‌تی.
میشێل ئۆباما گووتی" باراك ئۆبامای هاوسه‌ری، له ماوه‌ی 8 ساڵی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا، بۆ هه‌موو بۆنه‌یه‌ك، ته‌نها یه‌ك قات و یه‌ك پێڵاوی به‌كارهێناوه بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك سه‌رنجی دابێت و ده‌ركی پێكردبێت، له كاتێكدا هه‌مووان له بۆنه‌كاندا سه‌رسام بوون به‌و جل و به‌رگه‌ی له‌به‌ری كردووه‌و خه‌ڵكییش له پاش جۆن كێنیدی ئۆبامایان به سه‌رۆكه كه‌شخه و رێكپۆشه‌كه ناوبردووه".

خانمی یه‌كه‌می پێشووی ئه‌مریكا كه ئێستا ته‌مه‌نی 53 ساڵانه ده‌ڵێت" میدیاكان به‌رده‌وام چاویان له‌سه‌ر چۆنییه‌تی له‌به‌ركردن و جۆری جل و به‌رگه‌كانی من بووه، به‌ڵام هیچ كاتێك نه‌یانتوانیوه ده‌رك به‌و نهێنییه‌ی سه‌رۆكه ئه‌سمه‌ره‌كه بكه‌ن".
میشێل به رۆژنامه‌ی ئندپیندنتی راگه‌یاندووه " من له ماوه‌ی 8 ساڵی سه‌رۆكایه‌تی هاوسه‌ره‌كه‌مدا، رووبه‌ڕووی پشكنین و لێكۆڵینه‌وه ببوومه‌وه به‌هۆی ئه‌و جل و به‌رگانه‌ی له‌به‌رمكردووه، به‌ڵام ئۆباما ماوه‌ی 8 ساڵ هه‌مان جل و به‌رگ و هه‌مان پێڵاوی به‌كارهێناوه‌و هیچ كه‌س هه‌ستی پێنه‌كردووه، بۆیه من شانازی پێوه‌ده‌كه‌م".