تۆپخانەكانی ئێران بناری ھەڵگورد تۆپباران دەكەن
زیانی گیانی و ماددی لێكەوتووەتەوە
K24 - چۆمان
تۆپخانەكانی ئێران بە چڕی چەند ناوچەیەكی بناری ھەڵگورد تۆپباران دەكەن، بەگوێرەی زانیارییەكان تا ئێستا ھاووڵاتیەك بریندارە و زیانی زۆریش بەر دانیشتوانی ناوچەكە كەوتووە.
پەیامنێری كوردستان24 لە ناوچەكە رایگەیاند: "سەر لەبەیانی ئەمڕۆ تۆپخانەكانی ئێران، دەستیان كردووە بە تۆپبارانكردنی ناوچە كوێستانییەكانی بناری ھەڵگور لە دەڤەری باڵەكایەتی".
لەبارەی زیانە گیانییەكان پەیامنێرمان گوتی: "ئەوەی تا ئێستا زانراوە ئافرەتێكی كۆچەری بریندارە، ھەروەھا زیانی زۆری ماددیش بەر گوندنشینان و كۆچەرییەكان كەوتووە".
پەیامنێرمان روونیكردەوە: "تۆپخانەكانی ئێران، كوێستانەكانی كونەڕێ، كێفارستان، قەبرۆكان، ریزان و گردوگۆ، لە دەڤەری باڵەكایەتی بە چڕی تۆپباران دەكەن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ھاوكات لەگەڵ تۆپبارانكردنی ناوچەكە، چەند فڕۆكەیەكی ئێران بە ئاسمانی ناوچەكەدا دەسوڕێنەوە، پێدەچێت فڕۆكەی چاودێری بن".