گه‌نجانی ئێران له خزمه‌تی سه‌ربازی هه‌ڵدێن و نایانه‌وێت ببنه "منداڵكوژ"
بۆ یه‌كه‌مجار ئێرانییه‌كان دژی به فیرۆدانی ملیاره‌ها دۆلار بۆ پاڵپشتی ئه‌سه‌د دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌كه‌یان هاتنه ده‌نگ و ده‌ڵێن" ملیاره‌ها دۆلار بۆ پاڵپشتی تیرۆر" به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت

k24 - هه‌ولێر:
زۆر گه‌نجی ئێرانی به ئاشكرا پشتیان كردووه‌ته خزمه‌تی سه‌ربازی و نایانه‌وێت بنێردرێنه جه‌نگی سووریا، هه‌ر بۆیه زۆر له‌و گه‌نجانه سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاته ئایینییه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌یان ره‌تده‌كه‌نه‌وه و پێیانوایه ده‌ستیان به خوێنی خه‌ڵكی بێ تاوانی سووریا سوور بووه.
شه‌هاب یه‌كێك له‌و گه‌نجانه‌یه، كه نایه‌وێت ناسنامه‌ی راسته‌قینه‌ی ئاشكرا بكات و نامه‌یه‌كی له ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ربازی ئێرانه‌وه بۆ په‌یوه‌ندیكردن به سووپاوه پێگه‌یشتووه. شه‌هاب له هه‌ڕه‌تی لاوێتیدایه و كراسێكی ره‌شی له‌به‌ردایه و پرچی به مۆدێل و ستایلێكی نوێ داهێناوه. له دیداریكدا كه له گۆشه‌ی قاوه‌خانه‌یه‌كی ناوه‌ڕاستی تاران رۆژنامه‌ی" Zeit" ئه‌ڵمانی له گه‌ڵیدا سازداوه، به دوو دڵی سترێسێكی زۆره‌وه په‌نجه‌كانی جوڵاندووه و باسی نامه‌كه‌ی كردووه.
یه‌كه‌م شت كه ئاماژه‌ی بۆكرد " به‌مزووانه ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌م شێواز‌و ستایله‌ی رووخسار و جل و به‌رگه‌كانم ببم، چونكه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك له ئێران ره‌تده‌كرێته‌وه و به پێچه‌وانه‌ی ئایین و بنه‌ماكانی ناوده‌برێت. ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌و مۆدێله جل و به‌رگه‌ش ببم و له ئازادییه‌كانم بێ به‌ش ده‌كرێم، ئه‌و كاته جوانانه‌شی لێره به‌سه‌ری ده‌به‌م ده‌بنه رابردوو".
شه‌هاب ساڵانی رابردوو زۆر هه‌وڵیداوه خزمه‌تی سه‌ربازی نه‌كات و له سه‌ربازی هه‌ڵبێت كه تا راده‌یه‌كی زۆر ناچارییه له‌و وڵاته‌دا. به‌ڵام شه‌هاب چانسیكی بۆ هاتووه‌و به هۆی راپۆرتێكی پزیشكی ساخته‌وه توانیوویه‌تی بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ خۆی له خزمه‌تی سه‌ربازی دووربخاته‌وه، به‌ڵام ئیتر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ره‌تیده‌كه‌نه‌وه كه راپۆرته‌كه سوودێكی بۆی هه‌بێت، ئیتر ئه‌و راپۆرته‌یان قبوڵ نییه كه شه‌هابی وه‌ك كه‌مئه‌ندام ناساندووه كه توانای چه‌كهه‌ڵگرتنی نییه.
له راستیدا هه‌وڵه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی شه‌هاب بۆ خۆدزینه‌وه له خزمه‌تی سه‌ربازی شكسیهێناوه، هیچ شتێكی به ده‌سته‌وه نه‌ماوه جگه له‌وه‌ی وه‌ك راكردوویه‌ك له خزمه‌تی سه‌ربازی بناسرێت. چونكه دوایین جار نامه‌ی بۆهاتووه تا له ماوه‌ی 3 هه‌فته‌دا خۆی بگه‌یه‌نێته بنكه سه‌ربازییه‌كه‌ی و له داهاتووشدا ئه‌و شوێنه‌ی بۆ دیاری ده‌كرێت كه ده‌بێت خزمه‌تی سه‌ربازی تێدا بكات.
جێگای بیرهێنانه‌وه‌یه، خزمه‌تی سه‌ربازی له ئیران، جیاوازه له وڵاتانی دیكه و ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌بێته سه‌رباز ده‌بێت به لایه‌نی كه‌مه‌وه ماوه‌ی 2 ساڵ خزمه‌ت بكات.

به‌گشتی شه‌هاب ترسی له‌وه‌یه كه ده‌كرێته سه‌رباز، بنێردرێته ده‌ره‌وه‌ی ووڵات بۆ خزمه‌تكردن، به تایبه‌تی ئه‌م كوڕه خاوه‌ن له‌ش و لارێكی وه‌رزشی و باڵایه‌كی به‌رز و جه‌سته‌یه‌كی به‌هێزه.
له‌وباره‌یه‌وه شه‌هاب گووتی:" دڵنیام بۆ شه‌ڕكردن ده‌منێرنه ده‌ره‌وه‌ی وڵات. پێشتر زۆرم بیر له‌وه‌كردووه‌ته‌وه خۆم تووشی بریندارییه‌كی گه‌وره بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی له‌م چاره‌نووسه نادیارتره خۆم قوتاربكه‌م، به‌ڵام ئه‌و ئازایه‌تییه‌م نه‌بوو كارێك دژی خۆم بكه‌م. به راست من نامه‌وێت بچم له سووریا منداڵان بكوژم، به‌ڵام پێده‌چیت ناچاربم و ئیتر كارێكم له ده‌ست نایه‌ت بیكه‌م جگه له ملكه‌چبوونم".
له‌وكاته‌وه‌ی جه‌نگ له سووریا هه‌ڵگیرساوه، شه‌ڕ له شامه و تۆز له به‌رده‌رگای تارانه، ئه‌و له ماوه‌ی 6 ساڵی رابردوودا خه‌ڵكێكی زۆری كردووه‌ته چه‌كدار و خستوونییه‌ته ناو ریزه‌كانی میلیشیا چه‌كداره‌كانی وڵاته‌كه‌ی، ئه‌و هێزانه‌ی له بنه‌ڕه‌ته‌وه بۆ جه‌نگی سووریا درووستیان ده‌كات، پاساوه‌كه‌ش "جه‌نگی تیرۆره"" به‌ڵام له راستیدا رژێمی به‌شار ئه‌سه‌دیان له رووخان پێ رزگاركرد. چونكه ئێران و سووریا وه‌ك تیرۆریست مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆن و نه‌یارانیان ده‌كه‌ن. له هه‌مان كاتدا میلیشیا چه‌كداره‌كانی لوبنانی "حزبوڵڵا" و هێزه سه‌ربازییه‌كانی رووسیای هاوپه‌یمانی ئه‌سه‌دیش هه‌مان كار بۆ خزمه‌تی ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن و بی ئه‌وه‌ی جیاوازی له نێوان گرووپه نه‌یاره‌كانی رژێم بكه‌ن، هه‌موویان ده‌كه‌نه ئامانج.
هه‌ر چه‌كداره‌كان نیین، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت میدیاكانی ئێرانیش، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك په‌لاماری هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی سووریا ده‌ده‌ن و هه‌موویان به "خیانه‌تكار" ناوده‌به‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌و خه‌ڵكه سڤیله‌شی دژی ئه‌سه‌د داواكارییه‌كیان هه‌یه، ئه‌وان هه‌مان ده‌سته‌واژه‌یان له دژ به كارده‌هێنن، ده‌ڵێن ئه‌وانه "خیانه‌تكار و دوژمنن و ده‌بێت كۆتاییان پێبهێنرێت".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه تاران، چه‌كدارانی داعش وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له سه‌ر بوون و مانه‌وه‌ی خۆی ده‌بینێت، ئه‌مه‌ش وای له زۆرێك له گه‌نجه ئێرانییه‌كان كردووه خۆبه‌خشانه بچنه به‌ره‌كانی جه‌نگ له سووریا. ژماره‌یه‌كی زۆری ئێرانی له مه‌یدانه‌كانی جه‌نگن له سووریا، به‌ڵام هیچ سه‌رژمێری و زانیارییه‌كی درووست له‌سه‌ر ژماره‌ی ته‌واویان به‌رده‌ست نییه و نازانرێت چه‌ند سه‌ربازی هێزه نیزامییه‌كان و چه‌كداری میلیشیاكانی ئێران له سووریا‌ن. به‌ڵام به‌گوێره‌ی خه‌مڵاندنه‌كان، هه‌زاران سه‌ربازو چه‌كداری ئێرانی له‌و وڵاته‌ن.
به‌ڵام به گوێره‌ی ئه‌و وێنه و گرته ڤیدیۆیانه‌ی ره‌وشی مه‌یدانی سووریا نیشان ده‌ده‌ن، ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌ده‌ن كه له راستیدا ئه‌وه‌ی له سووریا ده‌گوزه‌رێت جه‌نگی ئێرانه. له مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2016 یه‌كێك له‌و رێكخراوانه‌ی كه چاودێری خێزانی ئه‌و سه‌ربازو چه‌كدارانه‌ی ئێران ده‌كه‌ن كه له سووریا كوژراون رایانگه‌یاند:" زیاتر له 1000 سه‌ربازی ئێرانی له جه‌نگی سووریادا كوژراون، جگه له‌وه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر زیاتریش بریندار بوون، جگه له‌وه‌ش ئه‌وانه‌ی له مه‌یدانه‌كانی جه‌نگی سووریا گه‌ڕاونه‌ته‌وه، دووچاری ره‌وشێكی خراپی ده‌روونی بوون، ئه‌مه‌ش وایكردووه هه‌ڵوێستی شه‌قامی ئیرانی دژی سیاسه‌تی ده‌ستوه‌ردان و به كوشتدانی زیاتری رۆڵه‌كانیان بێت له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان.
به‌م دواییانه هه‌ست ده‌كرێت شه‌قامه‌كانی تاران پڕ بوون له‌و گه‌نجانه‌ی نیشانه‌ی ماندوویه‌تی به ده‌م و چاویانه‌وه دیاره‌و ناوی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی كوژراون له‌سه‌ر باخه‌ڵی جل و به‌رگه سه‌ربازییه‌كان هه‌ڵكۆڵراوه. ئه‌و سه‌ربازانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی ئێران ناردنییه ئه‌ودیووی سنووره‌كان و به‌شێكیان هێشتا ته‌رمه‌كانیشیان نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه بۆ وڵات و ته‌نها بوونه‌ته ناوێك به جل و به‌رگه سه‌ربازییه‌كانه‌وه كه ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی به نیازه بیكاته به‌ر هه‌زارانی دیكه‌ی وه‌ك شه‌هاب.
له‌و پێناوه‌شدا زۆرێك له‌و گه‌نجانه‌ی تاران ده‌ستپێشخه‌رییان كردووه و به گرووپ ده‌چنه‌سه‌ر گۆڕی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی وڵاته‌كه‌یان كه له سووریا كوژران، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌و سه‌ردانه‌یان كردووه‌ته نه‌رێتێك و وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن" ده‌چنه زیاره‌تی شه‌هیدان و پاڵه‌وانه‌كانی وڵات" به‌م رێگه‌یه‌ش ده‌یانه‌وێت هانی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی دیكه بده‌ن تا له سووریا به‌رده‌وامبن له‌و جه‌نگه‌ی بۆ پارێزگاریی له پێگه پیرۆزه‌كانی شیعه به رێوه‌ده‌چێت.
ئه‌و بانگه‌شانه‌ی بۆ جه‌نگ له سووریا ده‌كرێت نه‌یانتوانیوه گوێچكه و مێشكی شه‌هاب به‌و دروشم و په‌یامانه پڕبكه‌ن، چونكه ئه‌و به‌هۆی ئه‌پڵیكه‌یشنێكه‌وه كه رێگریی سه‌ر كردنه‌وه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لاده‌بات، توانیوویه‌تی به چاوی خۆی ببینێت له مه‌یدانی سووریا چی ده‌گوزه‌رێت و چۆن پڕ بارهه‌ڵگره‌كان كراوه له ته‌رمی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی وڵاته‌كه‌ی و له بری خه‌ونێكی قوڵ هه‌ناسه‌یه‌كی ساردیان بۆ خانه‌واده‌كانیان هێناوه‌ته‌وه.
شه‌هاب ئێستا ده‌توانێت ئه‌و خوێنڕێژی و وێرانكاریانه ببینێت كه له سووریا روویانداوه، نه‌هامه‌تی منداڵانی سووریشی بینیووه كه به‌هۆی بۆمبارانی رژێمی ئه‌سه‌ده‌وه كوژراون و به گازی كیمیایی خنكێنراون، بۆیه ئێستا دروشمه‌كان كار له شه‌هاب ناكات و خۆی باش ده‌زانێت ئه‌وه‌ی ده‌گووترێت بۆ چییه و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی رووده‌دات چ نه‌هامه‌تی و كاره‌ساتیكه.
شه‌هاب له‌وباره‌وه ده‌ڵێت" كاتێك ته‌ماشای ئه‌و كاره‌ساتانه ده‌كه‌م له حه‌له‌ب و حومس و ئه‌دلب روویانداوه، له خۆم ده‌پرسم و وه‌ڵامی راسته‌قینه‌ی ناخی خۆم ده‌ده‌مه‌وه، ئیتر باش ده‌زانم جه‌نگ كاره‌ساته و ئێرانییه‌كانیش زۆر به گه‌وره‌یی له‌و جه‌نگه خوێناوییه‌وه تێوه‌گلاون".
به‌ڵام شه‌هاب ئه‌وه‌شی باش له‌لا روونه به‌و نزیكانه فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان ئه‌ویش ده‌نێرنه جه‌نگه خوێناوییه‌كه كه له‌م سه‌رده‌مه‌دا به خوێناوی‌ترین جه‌نگی جیهان داده‌نرێت، ئه‌و نایه‌وێت بچێت، به‌ڵام ده‌شترسێت وه‌ك ترسنۆك و خیانه‌تكار ناوی ببه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باش ده‌زانێت ئه‌و جه‌نگه‌ی ئێران به‌ڕێوه‌ی ده‌بات هیچ ده‌ره‌نجام و سوودێكی نییه".
ئه‌و گه‌نجه ئێرانییه ده‌ڵێت" من رێزی شه‌هیده‌كانی وڵاته‌كه‌م ده‌گرم كه له مه‌یدانه‌كانی جه‌نگدا گیانیان له ده‌ستدا،به‌ڵام باوه‌ڕیشم به‌وه نییه له پێناو پرسێكی له‌و شێوه‌یه‌دا بمرم، من ئاماده‌نیم بچمه جه‌نگێكی له‌و شێوه‌یه‌وه و ببمه سووتووی ئه‌و جه‌نگه وێرانكه‌ره".
نیگه‌رانییه‌كان ته‌نها له دڵی شه‌هابدا نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكو له‌مدواییانه‌دا له‌سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڤیدیۆی ناڕه‌زایه‌تی سه‌دان ئێرانی له شاری ئه‌سفه‌هان بڵاوكرایه‌وه، ئه‌وان چووبوونه به‌رده‌م ده‌رگای پارێزگای شاره‌كه‌یان و دژی ده‌ستوه‌ردانی ئێران له سووریا و به فیڕۆدانی ملیاره‌ها دۆلار ده‌نگیان هه‌ڵبڕیبوو، پێیانوابوو نابێت بۆ ده‌ربازكردنی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د ئێرانییه‌كان له سه‌روه‌ت و سامانی خۆیان بێبه‌ش بكرێن، به تایبه‌تی كرێكاره‌كان كه ئه‌وكا‌ته ماوه‌ی 3 مانگ بوو مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتبوو.
له‌م مانگانه‌ی دواییدا، به‌هۆی نه‌دانی مووچه‌وه له هه‌ندێك پارێزگا ناڕه‌زایه‌تییه‌كان زۆر زیاتر بوون، چونكه له هه‌ندێك پارێزگا بۆ 9 مانگ ده‌چێت به‌هۆی قه‌یرانی ئابووری و كورتهێنانی بوودجه‌وه، مووچه نه‌دراوه. هه‌ر بۆیه بۆ یه‌كه‌مین جار توڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تی گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی ئیرانییه‌كان بڵێن" ملیاره‌ها دۆلار بۆ پاڵپشتی تیرۆر "رژێمی ئه‌سه‌د" به هه‌ده‌ر ده‌درێت و بیر له باشتركردنی گوزه‌رانی خه‌ڵكه هه‌ژاره‌كه ناكرێته‌وه.