"ئیمپراتۆری دارایی" و ئه‌ندامی "لیژنه‌ی مه‌رگ" پاڵێوراوی نهێنی خامه‌نه‌ییه بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری
به‌هێزترین پاڵێوراوی پارێزگارانە بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار و دواتر جێگرتنه‌وه‌ی خامه‌نه‌یی

K24 – هه‌ولێر
ئیبراهیم ره‌ئیسی به‌هێزترین پاڵێوراوی پارێزگاران بۆ سه‌رۆك كۆماری ئێران له لایه‌ن عه‌لی خامه‌نه‌یی رێبه‌ری ئه‌و وڵاته پشتگیری ده‌كرێت، كه به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كێ له گه‌وره‌ترین دامه‌زراوه داراییه‌كانی ئێرانه و زیاتر به دامه‌زراوه‌یه‌كی خێرخوازی ناسراوه و پاش كۆتاییهاتنی شه‌ڕی ئێران و عێراقیش له ساڵی 1988 ئه‌ندامی "كۆمیته‌ی مه‌رگ" بووه و بڕیاری كوشتنی زیاتر له سێ هه‌زار كه‌سیان ده‌ركردووه.
ئیمپراتۆری دارایی
ره‌ئیسی 56 ساڵی سه‌رپه‌رشتی "قودس ره‌زه‌وی" ده‌كات كه یه‌كێ له گه‌وره‌ترین دامه‌زراوه داراییه‌كانی ئێرانه و سه‌رپه‌رشتی ته‌واوی ماڵ و موڵكی سه‌ر به ئارامگای ئیمام مو‌سا ره‌زا له مهشهد و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئێران ده‌كات و داهاته‌كه‌شی له پاره‌ی گه‌شتیاران و خێرخوازان و به كرێدانی ماڵ و مولك و دوكانه‌كانی له زۆرێك له شوێنه‌كانی ئێران له ده‌ره‌وه‌ی بودجه‌ی حكومه‌ته.
سه‌رمایه‌ی قودسی ره‌زه‌وی 15 ملیار دۆلار تهخیمن كراوه كه هیچ چاودێرییه‌كی دارایی و لێپرسینه‌وه‌ی نییه.
"كۆمیته‌ی مه‌رگ"
ئه‌م پاڵێوراوه‌ی پارێزگارانی ئێران له لایه‌ن رێبه‌ره‌وه پشتگیری ده‌كرێت و پیشتریش قوتابی خامه‌نه‌یی بووه و له پۆسته دادوه‌رییه‌كانی ئێران رۆڵێكی سه‌ره‌كی له كوشتنی نه‌یارانی كۆماری ئیسلامی هه‌بووه و پاش كۆتاییهاتنی شه‌ڕی ئێران و عێراق له ساڵی 1988 بووه‌ته ئه‌ندامی ئه‌و تیمه‌ی سێ كه‌سی كه به بڕیاری خومه‌ینی پێكهێنرا بۆ له‌ناوبردنی هه‌زاران زیندانی سیاسی و به "ده‌سته‌ی مه‌رگ" ناسراوه.
ئه‌حمه‌د مونته‌زه‌ری كوڕی مه‌رجه‌عی پێشووی شیعه‌كان و جێگری خومه‌ینی بۆ پۆستی رێبه‌ریی ئێران، حسێن عه‌لی مونته‌زه‌ری، ده‌نگێكی باوكی بڵاوكرده‌وه كه له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی "ده‌سته‌ی مه‌رگ" ره‌خنه‌یان لێده‌گریت و كاره‌كه‌یان به كۆمه‌ڵكوژی به‌ناو ده‌كات.
له هاوینی 1988، ئه‌و لیژنه‌یه به فه‌رمانی خومه‌ینی پێكهات و ئیبراهیم ره‌ئیسی یه‌كێ له سێ ئه‌ندامانی ئه‌م كۆمیته‌یه بوو كه بڕیاری كوشتنی هه‌زاران زیندانیان ده‌كرد و ته‌رمه‌كانیان له گۆڕی به كۆمه‌ڵدا شاردرانه‌وه. قوربانیانی ئه‌و كۆمیته‌یه، به تۆمه‌تی هاوكاری و ئه‌ندامه‌تی رێكخراوه‌كانی وه‌ك موجاهدین و گرووپه چه‌په‌كانی كۆمونیست زیندانیكرابوون و باس له كوژرانی 3000 تا 4482 كه‌س ده‌كرێت. نێردراوی تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافی مرۆڤ له ئێران له‌مباره‌وه ده‌ڵێت لانیكه‌م 1879 زیندانی سیاسی له سێداره دراون.
به ده‌نگه‌وه هاتنی مونته‌زه‌ری و ره‌خنه‌گرتنی له‌م بڕیاره، بووه هۆی ئه‌وه‌ی له جێنشینی خومه‌ینی لابدرێت و تا كۆچی دوایی، له ناو ماڵی خۆی زیندانیكرا.
ره‌ئیسی یه‌كێ له‌و كه‌سانه‌یه كه بۆ جێگرتنه‌وه‌ی خامه‌نه‌یی ناوی ده‌هێنرێت و به‌هێزترین كه‌سیشه بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌ی بگرێته‌وه.
سیاسه‌تی ئابووری و دژایه‌تیكردنی سیاسه‌ته ئابوورییه‌كانی رۆحانی
ئه‌م پاڵێوراوه‌ی به دڵی خامه‌نه‌یی، قورسایی خۆی له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری خستووه‌ته سه‌ر بواری ئابووری، له‌وانه بێكاری و دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كار و به توندی ره‌خنه له سیاسه‌تی ئابووری حه‌سه‌ن رۆحانی ده‌گرێت، كه پارێزگاران پێیان وایه دژی رێنماییه‌كانی رێبه‌ر، ئابووریی ئێران به‌ڕێوه ده‌بات.
خامه‌نه‌یی پێی وایه په‌ره‌پێدانی بازاری ئازاد و كرانه‌وه‌ی ئابووریی ئێران به‌سه‌ر جیهانی ده‌ره‌وه، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ئابووری ئێران به‌رامبه‌ر سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان لاواز ببیت و بۆ پێشیگرتن به‌م پرۆسه‌یه داوای گرتنه‌به‌ری "ئابووریی به‌رخۆدان" ده‌كات و ساڵی نوێی ئێرانیش به ساڵی "ئابووریی به‌رخۆدان: بهرههمهێمان و به‌كارخستن" به‌ناو كردووه.
هه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ی رۆحانی بووه هۆی ئه‌وه‌ی پارێزگاران به‌تایبه‌تی رێبه‌ری ئێران له ده‌رچوونی دووباره‌ی رۆحانی بۆ خولی دووه‌می سه‌رۆك كۆماری ده‌ترسن و پێداگری له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی پشت به‌ستن به هه‌نارده‌ی نه‌وت و پێشخستنی به‌رهه‌می ناوخۆیی و خۆ پاراستن له بازاری نێوده‌وڵه‌تی و راگرتنی هاوكاری له‌گه‌ڵ بانكه جیهانییه‌كان ده‌كات.
سیاسه‌تی ئابووریی پارێزگاران، له‌وانه پاڵێوراوی خامه‌نه‌یی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری دژی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی رۆحانییه كه پێداگری له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌كی و به‌رزكردنه‌وه‌ی فرۆشتنی نه‌وت ده‌كات بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابووری و رازیكردنی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له ره‌وشی ئابووریی ئێران توڕه‌ن. رۆحانی پێشی وایه به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م ئامانجه و باشترین رێگه بۆ مانه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌هێزتركردنی توانا ئابوورییه‌كان و كرانهوهیهتی به‌سه‌ر رۆژئاوا.
هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری ئیران هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نه‌كانی شار و گوند له رۆژی 19 ئایاری داهاتوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت.