زەریف: ھیچ وڵاتێك ئەوەندە بوێر نییە ھێرش بكاتە سەر ئێران

ئێران لە بواری چەك و ئەمنییەتی ناوخۆیی ھیچ نیگەرانییەكی نییە

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەدجەواد زەریف رایگەیاند ھیچ وڵاتێك ئەوەندە بوێر نییە لەگەڵ وڵاتەكەی شەڕ بكات.

زەریف لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بە رۆژنامەی "اعتماد" رایگەیاند "لەگەڵ ئەوەی كە كەمترین تێچوونمان بۆ بواری چەكداری ھەیە، بەڵام ھیچ وڵاتێك ئەوەندە بوێری نییە لەگەڵ ئێران شەڕ بكات، چونكە ھەم لە بواری چەك و ھەم ئەمنییەتی ناوخۆیی بەھۆی توانایی نیشتمانی و بەرگری خەڵك ھیچ نیگەرانییەكمان نییە.

لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە كاتێك دایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان سیاسەتێكی توند بەرامبەر ئێران گرتووەتەبەر و ھەڕەشەی كۆتاییھێنان بە رێكەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كردووە.

ئێران رۆژی 29 كانوونی دووەمی رابردوو موشەكێكی مامناوەندی بالیستی تاقیكردەوە، ھەر پاش ئەم تاقیكردنەوەیە، ترەمپ لە تویتێكدا بڵاوی كردەوە ئێران یاری بە ئاگر دەكات.

مایكل فلین راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە كۆشكی سپی رایگەیاند" تاقیكردنەوەی موشەكیی ئێران پێشێلكردنی بڕیارنامەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانە و لە ئەمڕۆوە بە فەرمی ھۆشداری دەدەینە ئێران".

باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان نیكی ھیلی گوتی ئەو موشەكەی تاقیكراوەتەوە، توانایی ھەڵگرتنی كلاوەكێك بە قورسایی 500 كیلۆگرەم بە توانایی رویشتنی 300 كیلۆمەتر ھەیە و بە ئاسانی دەتوانێت كلاوەكی ئەتۆمی ھەڵگرێت.

ئێران 10 رۆژێك دوای ئەم تاقیكردنەوە، مووشەكێكی دیكەی مەودا كورتی زەوی بۆ ئاسمان تاقیكردەوە، سەرباری ئەنجامدانی چەندین مانۆری سەربازی لەو ماوەیەدا.

زەریف لەمبارە بە رۆژنامە ئێرانییەكە گوتی بە كۆمەڵی نێودەوڵەتیمان گوتووە ئەوانەی لەبارەی بەرنامەی بەرگری ئێران ھات و ھاوار دەكەن، باشتر وایە ئەوەشی بڵێن كە بە كردەوە پیشانمان داوە ھیچ كاتێك ھێرش ناكەینە سەر ھیچ وڵاتێك.

حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێران لە 38مین ساڵیادی شۆڕشی وڵاتەكەی بە توندی ھێرشیكردە سەر ئەمریكا و گوتی: "ھەر كەس ھەڕەشە لە ئێران بكات پەشیمان دەبێتەوە".

ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێك لەبارەی قسەكانی روحانی گوتی: " باشتر وایە ئەو ئاگاداری خۆی بێت".

JS

Fly Erbil Advertisment