ركابه‌رم هه‌بێ رێكخه‌ریی ناكه‌م
ماڵپه‌ڕێكی نزیكی گۆڕان: پاش كشانه‌وه‌ی قادری حاجی عه‌لی سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ی گۆڕان نیازی خۆكاندیدكردنی هه‌بووه به‌ڵام كشاندوویانه‌ته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
عومه‌ری سه‌ید عه‌لی تاكه كاندید بوو بۆ رێكخه‌ری گشتی، بۆیه رۆژی 25/7/2017 له هه‌شته‌مین ساڵرۆژی درووستبوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، به ئاسانی كرایه شوینگره‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا، كه پێش زیاتر له دوو مانگ كۆچی دوایی كرد، چونكه هیچ ركابه‌رێكی دیكه‌ی نه‌بووه‌و ئه‌و كه‌سانه‌یشی ویستوویانه خۆیان كاندید بكه‌ن، به‌هۆی مه‌رجێكی ناوبراو كشینراوه‌ته‌وه.
پۆسته‌كانی دیكه و به تایبه‌تی پۆستی رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌كه پێشتر رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كرابوو بۆ ئه‌وه‌ی له پرۆسه‌ی ده‌نگداندا گرفت درووست نه‌بێت، ته‌نانه‌ت عومه‌ری سه‌ید عه‌لی به‌ر له‌وه‌ی خۆی بۆ ئه‌و پۆسته كاندید بكات، مه‌رجی ئه‌وه بووه هیچ ركابه‌رێكی نه‌بێت.
ماڵپه‌ڕێكی نزیكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان "شار پرێس" كه زۆرترین هه‌واڵه‌كانی تایبه‌ت به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له زاری سه‌رچاوه‌ی نادیاره‌وه بڵاوده‌كاته‌وه ده‌ڵێت "عومەری سەید عەلی مەرجی بۆ خۆكاندیدكردن بۆ رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان هەبووە و ئەگەر ركابەری هەبێت، ئەوە خۆی بۆ پۆستەكە كاندید ناكات".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه عومەری سەید عەلی، لەهەڵبژاردنی ناخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان وەك رێكخەری بزووتنەوەكە هەڵبژێردا، به‌ڵام لەو هەڵبژاردنە هیچ ركابەرێكی نەبوو، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كەس لەبەرانبەری خۆی كاندید نەكردبوو".
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه بێت، كاندیدی دیكه هه‌بوون بۆ پۆستی رێكخه‌ری گشتی و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ی گۆڕان چاویان له‌و پۆسته بووه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و مه‌رجه‌ی عومه‌ری سه‌ید عه‌لی كشاونه‌ته‌وه".
ئه‌و پێگه ئه‌لیكترۆنییه كه ماوه‌یه‌كه به چڕی لێدوان و زانیارییه‌كانی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی رێكخه‌ری گشتی و كشانه‌وه‌ی قادری حاجی عه‌لی و ئه‌نجامدانی دیدار له‌گه‌ڵی چڕكردووه‌ته‌وه، باسی ئه‌وه‌یشی كردووه كه "پاش ئه‌وه‌ی قادری حاجی عه‌لی له خۆ كاندیدكردنی كشاوه‌ته‌وه، سەركردەیەكی دیكه‌ی گۆڕان بەنیازبووە خۆی كاندید بكات، بەڵام داوای لێكراوە بكشێتەوە و كشانه‌وه‌یشی په‌یوه‌ندی به مه‌رجه‌كه‌ی عومه‌ری سه‌ید عه‌لی هه‌بووه".
به‌ڵام ئه‌و ماڵپه‌ڕه ئاماژه‌ی به ناوی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی دیكه‌ی گۆڕان نه‌كردووه كه ویستوویه‌تی خۆی كاندید بكات و له‌به‌ر مه‌رجه‌كه‌ی عومه‌ری سه‌ید عه‌لی كشاندوویانه‌وه.