سه‌در ئه‌نجامی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ سعوودیه ئاشكراده‌كات
شا سه‌لمان 10 ملیۆن دۆلاری دیكه‌ی بۆ ئاواره‌كان ته‌رخان كردووه

K24 - هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در، ریبه‌ری ره‌وتی سه‌در، پاش سه‌ردانێكی چه‌ند رۆژه، ئێواره‌ی رۆژی سێ شه‌ممه گه‌ڕایه‌وه عێراق، پاش ئه‌وه‌ی له سعوودیه چاوی به محه‌مه‌د بن سه‌لمان شازاده‌ی جیننشین كه‌وت و ئه‌وه‌ش به یه‌كه‌م دیداری له‌و شێوه‌یه داده‌نرێت كه رێبه‌رێكی شیعه‌كانی عێراق، كه به‌رده‌وام وه‌ك هاوپه‌یمانی نزیكی ئێران ناسراوه ئه‌نجامی دابێت.
نووسینگه‌ی تایبه‌تی موقته‌دا سه‌در، ده‌رباره‌ی سه‌ردانه‌كه، به‌یاننامه‌یه‌كی له نه‌جه‌فه‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و ده‌ره‌نجامی سه‌ردان و گفتوگۆكانی له زاری رێبه‌ره‌كه‌یانه‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه و رایگه‌یاندووه "سه‌در په‌یامێكی گه‌یاندووه‌ته به‌رپرسانی سعوودیه و باسی پێویستی كردنه‌وه‌ی كونسڵگه‌ریی سعوودیه‌ی له نه‌جه‌ف كردووه، تا په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ر دوو وڵات ئاسان بكرێت. هه‌روه‌ها پرسی په‌یامی ئاینی و میدیایی میانڕه‌و و پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی گفتوگۆكان بووه".
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه "شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز پادشای شانشینی سعوودیه، بڕیاریداوه 10 ملیۆن دۆلاری دیكه بۆ ئاواره عیراقییه‌كان ته‌رخان بكرێت و سه‌ردانه‌كه توانیوویه‌تی بڕیاری درووستكردنی هێڵیكی ئاسمانی له نیوان هه‌ر دوو وڵات‌دا لێبكه‌وێته‌وه‌و ده‌روازه‌ی سنووریی دیكه بۆ زیادكردنی په‌یوه‌ندی بازگارنیش بكرێته‌وه".
به گوێره‌ی به‌ییاننامه‌كه‌ی ئۆفیسی تایبه‌تی سه‌در "سعوودیه پاڵپشتی وه‌به‌رهێنان له عێراق و گه‌شه‌پێدان له باشوور و ناوه‌راستی عێراق ده‌كات و خواستی خۆیان بۆ دیاریكردنی باڵیۆزێكی نوێ بۆ عێراق ده‌ربڕیوه".
له لایه‌كی دیكه‌وه، سه‌ڵاح ئه‌لعوبه‌یدی، گوته‌بێژی ره‌وتی سه‌در له عێراق گوتوویه‌تی "محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ی جێ‌نشین و موقته‌دا سه‌در، دانیان به‌و هه‌ڵانه‌دا ناوه كه ریاز و به‌غدا له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیاندا كردوویانه. بۆیه خواستی خۆیان بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و بارودۆخه ده‌ربڕیوه".