مالیكی: ئه‌مریكییه‌كان هه‌وڵی دواخستن و دوورخستنه‌وه‌ی حزبه‌كه‌م له هه‌ڵبژاردن ده‌ده‌ن
"ده‌یانه‌وێت له ژێر به‌ندی شه‌شه‌مدا حكومه‌تێكی فریاگوزاری پێكده‌هێنن"

K24 - هه‌ولێر:
نووری مالیكی جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق، بێ ئه‌وه‌ی ناویان بهێنێت، چه‌ند لایه‌نێكی ئه‌مریكای به هه‌وڵدان بۆ لێدانی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی تۆمه‌تباركردووه كه خۆی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و ده‌ڵێت "ده‌یانه‌وێت هه‌ڵبژاردنی به‌هاری ساڵی داهاتوو دوابخه‌ن تا ده‌ره‌نجامێكی كاره‌ساتبار بێته ئاراوه".
مالیكی له لێدوانه رۆژنامه‌وانییه‌كانیدا گوتوویه‌تی "مه‌به‌ستی پشت دواخستنی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌یه وڵات دووچاری بۆشایی ده‌ستووری بكه‌ن و دوور له حكومه‌تی ئێستاش، حكومه‌تیكی فریاگوزاری به ئامانجی دوورخستنه‌وه‌ی حزبی ده‌عوه درووست بكه‌ن و حزبی ده‌عوه كه من سه‌رۆكایه‌تی ده‌كه‌م و حه‌یده‌ر عه‌بادی تێدایه دوور بخه‌نه‌وه".
مالیكی پێیوایه، هه‌وڵێك هه‌یه بڕیارێكی نێوده‌وڵه‌تی له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌ربكرێت و له‌ژیر به‌ندی شه‌شه‌مدا، داوای پێكهێنانی حكومه‌تیكی فریاگوزاری به پاساوی به‌ڕێوه‌بردنی كاتی وڵات ده‌ربكرێت".
هاوشانی ئه‌و لێدوانانه‌ی مالیكی، ژماره‌یه‌ك لایه‌نی سیاسی دیكه‌ش هۆشداریانداوه‌و ده‌ڵێن "قورسه له كاتی خۆیدا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له عێراق ئه‌نجام بدرێت، به تایبه‌تی له كاتێكدا ملیۆنان عێراقی ئاواره‌ن و له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و وڵاته‌كه‌ی خۆیانن.