لە ھەولێر 25 تاوانبار دەستگیر كران

ژمارەیەكیان خەڵكی خوارووی عێراق

K24 - ھەولێر

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "25 تاوانبار بەھۆی ئەنجامدانی 17 تاوان لە ھەولێر دەستگیركراون، ئەو كەسانە تاوانی كوشتن و دزییان ئەنجامداوە".

گوتیشی: "دەتوانین بڵێین ئەم مانگە ئارامترین مانگی ساڵی2017 بووە لە ھەولێر، ھۆكارەكەش ئەمە ھەموومان بە یەك تیم لە ھەوڵداین بۆ پاراستنی بارودۆخی ئەمنی شارەكە، بەتایبەتی كە لە ماوەی داھاتوودا بەرەو ریفراندۆم دەچین كە پڕۆسەیەكی نیشتمانییە، خەڵك دڵنیا دەكەینەوە لە 25 ئەیلوول بەوپەڕی ئارامیەوە بەرەو سندوقەكانی دەنگدان بچن".

روونیكردەوە: "ئەو تاوانبارانەی دەستگیركراون چواریان تاوانبارن بە تاوانی كوشتن، یەكێكیان خەڵكی توركیایە، لەكاتی كاركردن لە نانەواخانەیەكی شاری ھەولێر كەسێكی كوشتووە، ئەوەی جیاوازبێت لە ماوەی پێشتر كۆمەڵێك كەسی خەڵكی خوارووی عێراق لەنێو تاوانباران ھەن، چەندین تاوانی دزییان لەناو شاری ھەولێر كردووە".

Fly Erbil Advertisment