قایمقامیەتی چۆمان: لەرێگەی یاساوە بكوژانی دوو براكەی باڵەكایەتی سزا بدرێن
راگەیەندراوێك لەبارەی ئاڵۆزییەكانی نێوان پێشمەرگەكان كۆمەڵە و خەڵكی باڵەكایەتی
K24 - ھەولێر
قایمقامیەتی قەزای چۆمان لەبارەی ئاڵۆزییەكانی دوێنێی نێوان پێشمەرگەكانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و خەڵكی باڵەكایەتی و كوژرانی دوو ھاووڵاتی گوندی گوندەژۆر، راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە و داوا دەكات كێشەكە بە رێگەی یاسایی چارەسەر بكرێت.
لە راگەیەندراوەكەی قایمقامیەتی چۆمان ھاتووە: "دوای رووداوەکە لیژنەی ئەمنی قەزای چۆمان کۆبونەوەیەکی نائاسایی کرد، بڕیاریدا لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان کاردانەوەی یاسایی بەرامبەر تۆمەتباران بکرێ، کە پێویستە تۆمەتباران دوای خۆ رادەست کرنیان بەهێزە ئەمنییەکان لەژێر چاودێری دادگاکانی حکوومەتی هەرێم رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە، هاووڵاتیانی سنووری قەزاکەمان ئاگادار دەکەینەوە کە لەچوارچێوەی یاساکانی هەرێم هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن تا مافەکانیان پارێزراو بێت".
دەقی راگەیەندراوەكەی قایمقامیەتی قەزای چۆمان
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 25/8/2017 لەگوندی گوندەژۆری سەر بەناحیەی حاجی ئۆمەران، هێزە ئۆپۆزیسیونەکانی ئێران هێرشیان کردە سەر چوار برای ئەو گوندەو دووانیان گیانیان لەدەست داو دووی تریشیان بریندار کرد.
لەئەنجامی دەست درێژی کردنەسەر باخچەی ئەو هاووڵاتیانەو بڕینی دار لەلایەن هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی ناڕازی بوونی ئەو چوار برایەو درووست بوونی ناکۆکی ڕووبەڕووی پەلاماردانی ئەو چەکدارانە دەبنەوە، بەداخەوە هەریەک لە فرمان ئەسکەندەرو لوقمان ئەسکەندەر گیانیان لەدەست دا، وە هەریەک لە بەختیار ئەسکەندەر و مستەفا ئەسکەندەر برینداربوون.
هەردووای ڕووداوەکە لیژنەی ئەمنی قەزای چۆمان کۆبونەوەیەکی نائاسایی کرد، بریاری دا لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان کاردانەوەی یاسایی بەرامبەر تۆمەت باران بکرێ ، کە پێویستە تۆمەتباران دوای خۆ ڕادەست کرنیان بەهێزە ئەمنیەکان لەژێر چاودێری دادگاکانی حکوومەتی هەرێم ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە، هاووڵاتیانی سنوری قەزاکەمان ئاگادار دەکەینەوە کە لەچوارچێوەی یاساکانی هەرێم هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن تا مافەکانیان پارێزراو بێت.