نەجمەدین كەریم: بەرتیل بە كەس نادەین
"مەرج نییە ئەوەی لە بەرەی توركمانی نەبێت توركمان نەبێ"
K24 - كەركووك
نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە كەركووك رایگەیاند، ریفراندۆمی مافێكی یاسایی خۆمانە، بۆ قایل كردن بەرتیل بە كەس نادەیەن.
پارێزگاری كەركووك لەبارەی ھەڵوێستی بەرەی توركمانی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركووك گوتی: "بەداخەوە بەرەی توركمانی لەجیاتی ئەوەی ئیش بۆ خەڵكی كەركووك بەتایبەتی توركمانەكان بكات، ھەوڵی جیاوازی لەنێوان خەڵكی شارەكە دەدات، ھیوادرین بیر لە داھاتووی خەڵك بكەن و كەس ھاننەدەن بۆ ئەوەی شتی خراپ رووبدات".
گوتیشی: "مەرج نییە ئەوەی لە بەرەی توركمانی نەبێت توركمان نەبێ، زۆربەی خەڵكی توركمان ئەندامی ھیچ حزبێك نییە و كاسبن دەیانەوێت لەبارودۆخێكی ئارامدا بژین و خزمەتگوزاریان ھەبێت".
پارێزگاری كەركووك راشیگەیاند: "ریفراندۆمی مافێكی یاسایی خۆمانە بۆ ئەوەی بزانین خەڵك رای لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان چییە، بۆ پێیان ناخۆشە خەڵك رای خۆی بدات، بۆ رازیكردن بەرتیل بەكەس نادەین".