نه‌سروڵڵا: خۆم چوومه‌ ديمه‌شق

ئامانجى رێككه‌وتنه‌كه‌ دياركردنى چاره‌نووسى سه‌ربازه‌ رفێندراوه‌كان بوو

K24 – هه‌ولێر:

حزبوڵڵاى لوبنان، رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ داعش به‌ سه‌ركه‌وتن ناوده‌بات و حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵاى ئه‌ميندارى ئه‌و حزبه‌ رايگه‌ياند، خۆم چوومه‌ ديمه‌شق و به‌شار ئه‌سه‌دم بينى و داوام لێكرد، له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ى چه‌كدارانى داعش رازى بێت.

حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، له‌ وته‌يه‌كى ته‌له‌ڤزيۆنيدا گوتى: چوومه‌ ديمه‌شق و له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌دى سه‌رۆكى سووريا كۆبوومه‌وه‌ و داوام لێكرد، رێگه‌ بدات چه‌كدارانى داعش له‌ سنوورى لوبنانه‌وه‌ بگوازرێنه‌وه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتى سووريا.

گوتيشى: ئامانجمان له‌و كاره‌ دياركردنى چاره‌نووسى ئه‌و سه‌ربازه‌ لوبنانيانه‌ بوو، كه‌ له‌ لايه‌ن داعشه‌وه‌ رفێنرابوون.

نه‌سروڵڵا گوتيشى: ئه‌مڕۆ رۆژى سه‌ركه‌وتنى دووه‌مه‌ به‌رامبه‌ر به‌ گرووپه‌ تيرۆريستييه‌كانى سنوورى خۆرهه‌ڵاتى لوبنان.

هه‌روه‌ها گوتى: رۆژى 28ى ئاب/ ئۆگست، رۆژى جه‌ژنى سه‌ركه‌وتنى دووه‌مه‌.

روونيشيكرده‌وه‌، به‌ به‌شار ئه‌سه‌دى وتووه‌، ئه‌وه‌ ته‌نيا رێگه‌يه‌ بۆ دياركردنى چاره‌نووسى سه‌ربازه‌ رفێندراوه‌كانى لوبنان.

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد، به‌شار ئه‌سه‌د پێى وتووه‌: ئه‌و پرسه‌ ئيحراجى ده‌كات، به‌ڵام قه‌ينا، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ دانووستانتان ده‌وێت له‌گه‌ڵ داعش، منيش رازيم.

نه‌سروڵڵا ئه‌وه‌شى گوت: سه‌ركردايه‌تى سووريا له‌به‌ر خاترى لوبنان ئيحراجى هه‌ڵبژارد و قوربانيدا بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ربازه‌ لوبنانييه‌كان چاره‌نووسيان ديار بێت و سوپاى سووريا له‌ جرود و جه‌راجير و فليتا شه‌ڕى له‌ پێناو لوبناندا كرد، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وله‌ويه‌تى ئه‌وان نه‌بوو ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌ ئێستادا بكه‌ن.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا ئاشكرايكرد، ئيداره‌ى ئه‌مريكا فشارى خستووه‌ته‌ سه‌ر لوبنان بۆ ئه‌وه‌ى سوپاى لوبنان هيچ پرۆسه‌يه‌كى سه‌ربازى بۆ رزگاركردنى جرود ئه‌نجام نه‌دات و هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌يكردبوو، كه‌ هاوكارييه‌ سه‌ربازييه‌كان بۆ سوپاى لوبنان ده‌بڕێت.

رۆژى 27ى ئاب/ ئۆگستى 2017، له‌ سنوورى لوبنان چه‌كدارانى داعش و حزبوڵڵاى لوبنان رێككه‌وتن و حكومه‌تى سوورياش ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ پيشاندا.

به‌ گوێره‌ى رێككه‌وتنى نێوانيان، چه‌كدارانى داعش ده‌بێت ناوچه‌ سنوورييه‌كانى لوبنان به‌جێبهێڵن و رووبكه‌نه‌وه‌ خۆرهه‌ڵاتى سوريا و له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا به‌ كاروانێكى گه‌وره‌ و له‌ ژێر چاودێرى سوپاى سووريادا، هه‌زاران چه‌كدارى داعش له‌ سنوورى لوبنانه‌وه‌ به‌ سه‌لامه‌تى گواسترانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ى ئه‌لبوكه‌مالى هاوسنوورى عێراق.