به‌رپرسێكی باڵای داعش كوژرا

داعش له‌ هه‌ڵوه‌رینه‌

K24 - هه‌ولێر:

له‌ ناوبردن و كردنه‌ ئامانجی به‌رپرسانی باڵای داعش به‌رده‌وامه‌ و ئه‌مڕۆ حوسێن ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا، ناسراو به‌ ئه‌بوهه‌مزه‌ ئه‌نساری له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ كرایه‌ ئامانج.

ئه‌بو هه‌مزه‌، وڵاتینامه‌ی سوورییه‌ و له‌ رۆژئاوای پارێزگاری ئه‌نباری عێراق، له‌ بۆردومانێكی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان كوژراوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ پاریزگاكه‌ رایگه‌یاند، ئه‌بوهه‌مزه‌، یه‌كێك بووه‌ له‌ به‌رپرسه‌ دیاره‌كانی داعش، كه‌ به‌شداری له‌ كوشتن و گرتنی ده‌یان هاووڵاتی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی عێراقدا كردووه‌.

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ كوژراوه‌ی داعش، یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هه‌ر زوو به‌یعه‌تیان به‌ خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش داوه‌ و له‌ ناوچه‌كه‌ و به‌رپرسی سه‌ربازی بووه‌ له‌ ناوچه‌كانی ئه‌لبوكه‌مالی سووریه‌ و روتبه‌ و قائيم.

ئێستا ناوچه‌ سنوورییه‌كانی ئه‌لبوكه‌مال و روتبه‌ و قائیم، له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ به‌ چڕی بۆردومان ده‌كرێن، پێشتریش ئێران ملیشیا چه‌كداره‌كانی نزیك له‌ خۆی له‌و شوێنه‌ سنوورییانه‌ جێگیر كردبوو.