كچی سه‌رۆك كۆماری عێراق: هەموو پۆستێك بە قوربانی‮ ‬یەك چركەی‮ ‬سەربەخۆیی‮ ‬كوردستان بێت

شیرین فوئاد مه‌عسوم: باوكم هه‌میشه‌ چاوەرێی‮ ‬هەڵكردنی‮ ‬گڵۆپی‮ ‬سەوزە بووە لە كوردستانەوە نەوەك لە عێراق‮

K24 - هه‌ولێر:

شیرینی كچی دكتۆر فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆك كۆماری عێراق، له‌ وتارێكدا ده‌ڵێت: "هەموو پۆستێك بە قوربانی یەك چركەی سەربەخۆیی كوردستان بێت، ئێمەی كورد هەمیشە تامەزرۆی سەرخۆبوون و ئازادی بووین، فێرنەكراوین یەك دڵۆپی خوێنی پیرۆزی پێشمەرگە بە هەموو خۆشیەكانی ژیان بدەین جگە لە سەربەخۆیی نەبێت، كاتێك كە گەلی ئێمە شۆڕش لە دوایی شۆڕش بە نەپچڕاوی خەباتی دەكرد نە لەبەر نان بوو، نە لەبەر مووچە بوو، وە نەلەبەر بوونی ئاو و كارەبا بوو، چونكە لەسەردەمەكانی حوكمڕانی عێراق گەلی كوردستان ئەمانەیان هەموو هەبوو، بەڵام ئێمە خاوەنی ئازادی و ماف و سەربەخۆیی خۆمان نەبووین، بۆیە تا ئەمڕۆش ئێمە لە هەنگاوەكانی شۆڕش و خەباتكاری داین، ئامانج و سەربەخۆیی پێویستی بە فیداكاریە".

شیرین فوئاد مه‌عسوم، كه‌ دكتۆرای لە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە كورد هه‌یه‌، له‌ وتارێكدا كه‌ له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ی رۆژنامه‌ی خه‌بات بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت: "ئەم حكوومەتە دەمارگیرو تائیفیەو نا ئازادەی عێراق، دەیەوێت گەلەكەمان و بەرپرسەكانمان بترسێنێت بەوەی تووشی دادگایان بكات وەكو كاك هۆشیار زێباری كاتێك بە ناعەدالەتی لە پۆستەكەی دوورخرایەوە، یان بەڕێز رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك كە لەسەر ئاڵادانانی كوردستان دابوویان بە دادگا، رەفزكردنەوەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و لادانی كاك دكتۆر نەجمەددین كەریم بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی شۆڤینی عێراقی هەمان نموونەی حكوومەتەكانی پێشووی عێراقمان دێنێتەوە یاد".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ "من وەكو كچە پێشمەرگەیەك هیچ رۆژێك لە ژیانی رۆژانەماندا بیرم لەوە نەكردبووەو فێریش نەكرابووم كە خەباتی گەلی كوردستان بۆ ڤێلاو كۆشكی سەلام و كۆماریە، فێركرابووم كە خەباتكارانی وەكو بەڕێز موستەفا بارزانی و باپیرەم مەلا مەعسوم نەوەی وەكو باوكم و كەسانی وەكو بەڕێز مام جەلال و سەرۆك بارزانی ئامادە دەكەن بۆ خزمەتكردنی گەل و سەربەخۆیی كوردستان، با لەنێو زیندان بین بەڵام سەربەرز و ئازادو خاوەن ئیرادەی خۆمان بین، هیچ كات و هەرگیز خۆشی و دەسكەوتەكانی ژیان جێگرەوەی سەربەخۆیی و ئازادی كوردستان ناگرنەوە".

شیرین باسی هه‌ڵویستی باوكی ده‌كات و ده‌ڵێت: "لەوەش پشتڕاستم كە سەركردەیەكی دڵسۆزو شۆڕشگێڕی وەكو باوكم چاوەڕێی بەغدای نەكردووەو ناشكات تا متمانەی لێ وەربگیرێتەوە وەكو سەرۆك كۆمار، بەڵكو لە یەكەمین رۆژی دەستبەكاربوونیەوە وەكو چارەسەرێكی تەنگەژەی سیاسی كورد ئەم پۆستەی وەرگرت، هەروەك ناسراوە بە "رجل الدولە ورجل مواقف الصعبە" بۆیە هەمیشە چاوەرێی هەڵكردنی گڵۆپی سەوزە بووە لە كوردستانەوە نەوەك لە عێراق".

شیرین كۆتایی وتاره‌كه‌ی به‌ دێڕه‌ شیعری، زەرەیەك خاكی وەتەن نادەم بە قەسری قەیسەری" كۆتایی پێهاناوه‌و سووربوونی خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی له‌ پشتگیریی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌ربڕیوه‌.