جەعفەری: هەرگیز بیر لەبەکارهێنانی هێز لە دژی کورد ناکەینەوە
"تەواوی ھەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی بگاتە رێككەوتن"
K24 - نیویۆرك
لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24، ئیبراھیم جەعفەری، وەزیری دەروەی عێراق رایدەگەنێت، عێراق ھەموو ھەوڵێك دەخاتەگەڕ بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان و پەنا نابەینەبەر بژاردەی سەربازی.
جەعفەری گوتی: "ھیچ كەسێك نیازی كاری خراپی نییە تا پەنا ببینە بەر بژاردەی سەربازی، حكوومەتی عێراق تەواوی ھەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی بگاتە رێككەوتنێك و ریفراندۆم نەكرێت، چونكە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە بەرژەوەندی كورددا نییە، دەمانەوێت بە شێوەیەكی دۆستانە ھەموو ناكۆكییەكانمان چارەسەر بكەین، ھەرگیز نامانەوێت پەنا ببینە بەر بەكارھێنانی ھێز".