له‌ كه‌ركووك ریفراندۆم ده‌كرێت

یه‌كێتی و پارتی و یه‌كگرتوو بڕیاریاندا ریفراندۆم له‌ كه‌ركووك ده‌كرێت و دواناخرێت

K24 - هه‌ولێر:

یه‌كێتی و پارتی و یه‌كگرتوو بڕیاریاندا ریفراندۆم له‌ كه‌ركووك ده‌كرێت و دواناخرێت.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24 ئه‌وه‌ دوایین بڕیاره‌و ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم به‌ ته‌واوی ئه‌ندامه‌كانی و ئه‌و حزبانه‌ی تێیدا به‌شدران، بڕیاریانداوه‌ سبه‌ینێ له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ریفراندۆم ده‌كرێت و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دواناخرێت.

 بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم به‌گشتی و پارتی و یه‌كێتی و یه‌كگرتوو به‌ تایبه‌تی، پاش ئه‌و هه‌وڵانه‌ هات كه‌ رۆژی شه‌ممه‌ به‌ چڕی له‌ لایه‌ن چه‌ند به‌رپرسێكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و هێزێكی هه‌رێمی دران و كاریان بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ریفراندۆم له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌. به‌ڵام سه‌ره‌نجام یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و هێزه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ی ناو ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم، دوابڕیاریان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌نجامدانی ریفراندمدا و سبه‌ینێ خه‌ڵكی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌ پارێزگاكه‌ ، ده‌توانن به‌ ئازادانه‌ و ئارامی بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگی خۆیان بده‌ن.

به‌ گویره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24، سندوقی ده‌نگدان و هه‌موو پێداویستییه‌كانی ده‌نگدان گه‌یشتوونه‌ته‌ پاریزگای كه‌ركووك و هاووڵاتیان ده‌توانن له‌و بنكانه‌ ده‌نگ بده‌ن كه‌ سالی 2014 ده‌نگیان تێدا دابوو.

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ رۆژی رابردوو پارێزگای كه‌ركووك له‌ په‌یامێكدا، داوای له‌ خه‌ڵكی پارێزگاكه‌ كرد، بچنه‌وه‌ ئه‌و بنكانه‌ی ساڵی 2014 به‌شداری پرۆسه‌ی ده‌نگدانیان تێدا كردبوو و دوایشی لیكردن كه‌ به‌ "به‌ڵێ" ده‌نگ بده‌ن و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ مێژووییه‌ له‌ ده‌ست نه‌ده‌ن.