وه‌لید جونبلات: داوای له‌كارلادانی فوئاد مه‌عسوم به‌هۆی ده‌مارگیری و نه‌زانییه‌وه‌یه
"بۆ به‌رده‌وامی گفتوگۆ و دانووستان عێراق پێویستی به هاوشێوه‌كانی فوئاد مه‌عسومه"

K24 - هه‌ولێر:
وه‌لید جونبلات، سه‌رۆكی "اللّقاء الديمقراطي"ـی لوبنانی، له‌باره‌ی ئه‌و داواكاریانه‌ی له پاش ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له 25/9/2017 بۆ له كارلادانی فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆككۆماری عێراق ده‌كرێن، رایگه‌یاند: "ئه‌و داواكاریانه له ده‌مارگیری و نه‌زانییه‌وه‌یه".
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه جونیلات له رێگه‌ی تویته‌ره‌وه نوسیوویه‌تی: "عێراق پێویستی به كه‌سایه‌تییه‌كانی هاوشێوه‌ی فوئاد مه‌عسومه تا ته‌ئكید له گفتوگۆ و دانووستان بكه‌نه‌وه له پاش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "داواكارییه‌كانی له‌كارلادانی سه‌رۆككۆمار به‌هۆی ده‌مارگیری و نه‌زانییه‌وه‌یه".
پاش ئه‌نجامدانی ریفراندۆمیش، جونیلات نوسیبووی: "له بری په‌نابردن بۆ گه‌مارۆ، پێویسته بیر له گفتوگۆ بكرێته‌وه‌و ره‌وشه‌كه ئاڵۆز نه‌كرێت".
وه‌لید جنبلات به سه‌ركرده‌ی دورزییه‌كانی لوبنان داده‌نرێت و سه‌ردانی كوردستانیشی كردووه‌و گوتوویه‌تی: "به ره‌چه‌ڵه‌ك كوردم".