رووسیا ده‌ست له‌ كوردستان هه‌ڵناگرێ

وه‌زیری وزه‌ی رووسیا: كۆمپانیاكانی رووسیا درێژه‌ به‌كاره‌كانیان ده‌ده‌ن

K24 - هه‌ولیر:

وه‌زیری وزه‌ی رووسیا رایگه‌یاندووه‌: "وڵاته‌كه‌ی له‌ كاركردن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 3-10-2017 له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا و له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی په‌یامنێری كوردستان 24، ده‌رباره‌ی ئاینده‌ی كاركردنی كۆمپانیا رووسییه‌كانی بواری نه‌وت و وزه‌، ئه‌لكسه‌نده‌ر نۆڤاك، وه‌زیری وزه‌ی رووسیا گووتی: "رووسیا له‌ كاركردن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و گازپرۆم نه‌فت و رۆسنه‌فتی رووسی له‌ كوردستان درێژه‌ به‌ كاره‌كانیان ده‌ده‌ن".

په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ مۆسكۆ گووتی: "وه‌زیری وزه‌ی رووسیا به‌ راشكاوی گووتی، كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت و گاز به‌رده‌وامن له‌ كاركردن و له‌ داهاتووشدا درێژه‌ به‌ كاره‌كانیان ده‌ده‌ن".

پێشتریش رووسیا هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی كاركردنی كۆمپانیاكانیان له‌ كوردستان به‌ روونی راگه‌یاندبوو و ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد "كۆمپانیاكانی رووسیا درێژه‌ به‌ كاركردن له‌ كوردستان ده‌ده‌ن".

هه‌ڵوێستی ئه‌و وڵاته‌ش به‌رامبه‌ر به‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان تا ڕاده‌یه‌كی زۆر بێلایه‌نی پێوه‌ دیار بووه‌و له‌ به‌یاننامه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیادا ئاماژه‌ به‌وه‌كرابوو كه‌ "رێز له‌ خواسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورد ده‌گرن" و سه‌رۆكی رووسیاش له‌ میانی دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا گووتی: "بۆچوونی ئێمه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ماندا له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ روونكراوه‌ته‌وه‌".

Fly Erbil Advertisment