پەرلەمانتارێكی كورد: پەشیماننامە لە بەغدا واژوو ناكەین

"ئامادەین ھەموو باجێكین بیدەین"

K24 - بەغدا

موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 گوت: "شانازییە بۆ ئێمە كە بڕیاریانداوە بماندە دادگای ئیتحادی ئەوانەی بەشداریمان كردووە لە ریفراندۆم، گوایە پەرلەمانتاریمان ھەڵدەپەسێرن".

گوتیشی: "وەك فراكسیۆنی یەكگرتوو بۆ ئەوە نەھاتوینەتە بەغدا بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان بكەین، بەڵكو ھاتووین دۆخەكە ئارام بكەینەوە و بوونمان لێرە پێویستە بۆ ئەوەی بەرگری لە خەڵكی كوردستان بكەین، نەھاتووینە بەغدا پەشیماننامە واژوو بكەین بۆ سەلیم جبووری و پەرلەمانی عێراق، ئێمە فەرمانبەری سەلیم جبووری و پەرلەمان نین، نوێنەری خەڵكین، بۆیە ئامادەین ھەموو باجێكین بیدەین لێرەش دەڵێم چارەنووس مافی خەڵكی كوردستانە".

ئاشكرای كرد: "بەشێك لە پەرلەمانتارانی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكێتی بۆ ئەوە ھاتبوون بەشداری لە كۆبوونەوەی پەرلەمان بكەن و باوەڕیان پێی ھەبوو، بەڵام ئەوانیش تووشی شۆك بوون كە زانیان سەلیم جبووری بە نیازە لە كۆبوونەوە بەخێرھاتنەوەیان بكات و پێیان بڵێ ئەوانەی ھاتوونەتەوە بروایان بە یەكپارچەیی عێراقە، بۆیە ھەموومان وەك فراكسیۆنە كوردییەكان كۆبووینەوە و بریارماندا نەچینە ژوورەوە".

راشیگەیاند: "ئەوەی سەلیم جبووری دەڵێ ھەندێك لە پەرلەمانتارە كوردەكان لەگەڵ یەكپارچەی عێراقن، دیارە مەبەستی ئەوانەیە كە ئەمڕۆ چونە لای دەبێ خۆی روونیكاتەوە كێن، ئەوەی من دەزانم ئاڵا تاڵەبانی و ئارام شێخ محەمەد لای بوونە".

Fly Erbil Advertisment