بڕيارى گۆڕينى پارێزگارى ورمێ بۆ كاتێكى ناديار دواخرا
بەهۆى ئەگەری جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق
K24 – ههولێر:
بڕیاری دانانی پارێزگاری نوێ بۆ پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کاتێکی نادیار هەڵوەشاوەتەوە، پەرلەمانتارێکی ورمێش دەڵێت: بەهۆى ئەگەری جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و هاتنە ئارای گۆڕانکارییەکان پێویست ناکات پارێزگاری ئێستای ورمێ بگۆڕدرێت.
چیرۆكی دانانی پارێزگاری نوێ لە پارێزگاكانی رۆژھەڵاتی كوردستان ھەر درێژ دەبێتەوە، لە سنە لەسەر كەسێك رێكنەكەوتوون، لە ورمێش كاتەكە بەگونجاو نازانن. ئەگەرچی بڕیاربوو دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حەسەن رووحانی ھەر زوو قوربانعەلی سەعادەت پارێزگاری ئێستای ورمێ بگۆڕدرێت، بەڵام ھەر دەستاودەستی پێ دەكرێت. باس لەجێگرەوەیەكی كورد لەجێگەی سەعادەت دەكرا، فرەیدون ھیمەتی كە خەڵكی ئیلامە، پێشتر پارێزگاری قەزوينیش بووە، وەكوو تاكە ركابەر بۆ وەرگرتنی پارێزگاری ورمێ ناوی ھاتووە. بەڵام پێ ناچێ ئەو كوردەش دەرفەتی پارێزگاریكردنی پارێزگایەكی كوردی ھەبێ.