"پێویستە كوردستان ھەڕەشەی كشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی عێراق بكات"
پەرلەمانتارێك: ئەگەر ئامادەسازی كراوە كشانەوەی ئێمە لە بەغدا كارێكی ئاسانە
K24 - ھەولێر
ئەندامێکی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەڵێت، سزادانی کورد لە لایەن حکومەتی عێراق وای لە سەرکردایەتیەکە کردووە بیر لەوە بکاتەوە کورد بە یەکجاری لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکشێتەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش لە پەرلەمانی عێراق، لە بری کشانەوە پشتگیری دەسپێکردنی گفتوگۆی ئاشتیانەی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات.
محەمەد ئیلخانلی، ئەندامی سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان لەوبارەوە بە كوردستان24 گوت: "ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی عێراق بەم شێوە سیاسەتكردنە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بەردەوام بێت، دەكرێت سەكردایەتی سیاسی كوردستان بە رێككەوتن لەگەڵ ھەموو لایەنەكان لە پڕۆسەی سیاسی عێراق بكشێنەوە، نەك ئێمە بڵێین پەرلەمانتارانمان لە پەرلەمانی عێراق كشانەوە".
گوتیشی: "پێویستە سەركردایەتی سیاسی كوردستان، ھەڕەشەی كشانەوە لە بەغدا بكات، ئەگەر بەردەوام بێت لەم شێوازە مامەڵەكردنە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان، بە تەواوی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەكشێینەوە، ئەوكات پڕۆسەی سیاسی عێراق شكست دێنێ".
بەشێك لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا پشتگیری بیرۆکەی کشانەوە ناکەن، پێیان باشە ھەولێر و بەغدا گفتوگۆی بەرھەمدار دەسپێبکەن، ھەردوولاش ناوبژیوانی و پێشنیارە نێودەوڵەتیەکان بۆ گفتوگۆی ھەردوولا بەھەند وەربگیرێت.
ئارێز عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ: "بڕینی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا ئەگەر ئامادەسازی كراوە و ھەرێمی كوردستان توانای ھەیە، ئەوكات كشانەوەی ئێمە لە بەغدا كارێكی ئاسانە، بەڵام پێم وایە نە ھەرێمی كوردستان ئامادەسازی تەواوی كردووە، نە دەرگاكانی گفتوگۆش داخراون، بەتایبەت لەم بارودۆخەی ئێستادا ھەوڵێكی زۆری ناوخۆیی و دەرەكی ھەیە، بۆ ئەوەی گفتوگۆەیەكی راستەقینە دەست پێ بكات".