عەبادی: هێز دژی كورد به‌كارناهێنین

یەحیا رەسوڵ: شەڕ لەنێوان پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق روونادات

K24 - هه‌ولێر:

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، رایگەیاند، ھەرگیز نیازی ئەوەیان نیە ھێز لە دژی ھیچ پێكھاتەیەكی عێراق بەكاربھێنن، یان شەڕ لەدژی كورد بەرپا بكەین.

ئەم وتانەی عەبادی لەكاتی كۆبوونەوەیەكدا بوو، بۆ سەقامگیری ناوچەكانی پارێزگای ئەنبار.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ عەمید یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24، دڵنیایی لە روونەدانی شەڕوپێکدادان لەنێوان هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەدات و جەختیشدەکاتەوە، کە کورد بەشێکن لە گەلی عێراق و بەهیچ شێوەیەک هێرشناکەنە سەر کوردستان.

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق هەروەها دەڵێ: "بوونی هێزەکانی عێراق لە حەویجە بۆ پارێزگاریکردنە لە هاووڵاتیان و  پێویست ناکات هیچ لایەنێک ترسی لە بوونی ئەو هێزانە هەبێت".

پێشتر، ھەریەك لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاماژەیان بەوەدا، چەند هێزێکی عێراقی نیازی هێرشکردنیان بۆ سەر کەرکووک و ناوچەکانی باکووری پارێزگای نەینەوا هەیە.