هه‌ر كه‌سێك زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و 40 كه‌سه بداته ده‌زگا ئه‌منییه‌كان پاداشتێكی گه‌وره وه‌رده‌گرێت
بۆ رێبه‌ره‌كه‌یان 30 ملیۆن دۆلار ته‌رخانكراوه
K24 - هه‌ولێر:
شانشینی سعوودیه پاداشتی گه‌وره‌ی بۆ 40 داواكراو دیاریكردووه‌و هه‌ر كه‌سێك زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و "میلیشیا ئیرانییانه" بدات، پاداشته‌كه وه‌رده‌گریت.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سعوودیه لیستێكی به‌ناوی 40 به‌رپرسی حوسییه‌كانی یه‌مه‌نی بڵاوكردووه‌ته‌وه و به پیلانداڕێژه‌ر و جێبه‌جێكار و پاڵپشتی چالاكییه "تیرۆریستییه" جیاجیاكانی ناویبردوون.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا هاتووه "هه‌ر كه‌سێك زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه هه‌یه به‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی ئه‌منی پارێزاو، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سعوودیه ئاگاداربكاته‌وه، له‌به‌رامبه‌ر پێدانی زانیاری به ده‌زگا ئه‌منییه‌كان، پاداشتی خۆی وه‌رده‌گرێت و ناو و ناسنامه و زانیاری كه‌سیشی به نهێنی ده‌مێنێته‌وه‌و پارێزراو ده‌بێت و هیچ لایه‌نێكیش بۆی نییه ئاشكرای بكات".
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌كراوه كه "ئه‌و رێوشوینهی دژی ئه‌و كه‌سانه گیراوه‌ته‌به‌ر، له‌چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی بنبڕكردنی تیرۆردایه و تاوانه تیرۆریستییه‌كان و ئه‌وانه‌ی پاڵپشتیان ده‌كه‌ن له خۆ ده‌گرێت، كه حزب و گرووپ و ره‌وتی تیرۆریستی تێدایه و گرووپی حوسییه‌كانیش یه‌كێكن له‌وان".
سعوودیه بۆ عه‌بدولمه‌لیك حوسی رێبه‌ری گرووپه‌كه بڕی 30 ملیۆن دۆلاری وه‌ك پاداشت داناوه‌و به‌گوێره‌ی پله و پۆست و كاریگه‌ریی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی ناویان له لیسته‌كه‌دایه بڕی پاره‌كان دیاریكراوه‌و له 30 ملیۆن دۆلاره‌وه ده‌ست پێده‌كات و به 5 ملیۆن دۆلار كۆتایی دێت.