فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران له ئه‌مریكای ده‌باته‌وه
كه‌ناڵێكی ئێرانی زانیاری نوێ له‌باره‌ی به‌شداریكردنی راسته‌وخۆی قاسم سوله‌یمانی له شه‌ڕه‌كاندا ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگەی کەناڵی "العالم"ـی ئێرانی لە سووریا، قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، له زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی ماوه‌ی 7 ساڵی رابردووی سووریادا به‌شداریی راسته‌وخۆی كردووه‌و جارێكیش برینداربووه.
حسێن مورتەزا هەواڵنێری مەیدانی و بەڕێوەبەری نووسینگەی کەناڵی "العالم"ـی ئێرانی لە سووریا، له شاری ئەبوکەمالهوه، سەبارەت بە ئامادەبوونی بەردەوامی، قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداریی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، زانیاری نه‌گوتراوی راگه‌یاندووه و گوتوویه‌تی: "سولەیمانی لە زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەی خۆڕاگریی (به‌ره‌ی رژێمی ئه‌سه‌د و میلیشیا شیعه‌كانی سه‌ر به ئێران) لە سووریا لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوو و بە تایبەت "ام المعارک"ـی ئازادکردنەوەی ئه‌لبوکەمال به‌شداریی كردووه".
سەبارەت بە هۆکاری ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی سولەیمانی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی ئه‌لبوكه‌مال ڕایگەیاند: "با بۆ ئەکەمجار هەندێک ڕوونکردنەوە بدەم کە ڕەنگە ببێتە مایه‌ی دڵئێشانی حاجی قاسم سوله‌یمانیش، چونكه ئەوە یەکەم ئۆپەراسیۆن نییە کە سەردار سولەیمانی، خۆی ڕاستەوخۆ تێیدا بەشدار دەبێت، من لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوو لە تەواوی ئۆپەراسیۆنەکاندا بەشدار بووم، لە گەڵ حزبوڵڵا، سوپای سووریا و بەشەکانی دیکەی بەرەی خۆڕاگریی، ئەوە یەکەمجار نییە کە حاجی قاسم ڕاستەوخۆ لەو ئۆپراسیۆنانەدا بەشدار دەبێت، هەروەها بۆ یەکمجار نییە کە لە یەکێک لە ئۆپەراسیۆنەکاندا لە ناوچەیهكدا کە ناتوانم ناوی بهێنم، حاجی قاسم بریندار بووه، هەڵبەت چاک بۆتەوە. بەڵام بە ئاوڕدانەوە لە گرینگیی ئۆپەراسیۆنی ئه‌لبوكه‌مال "ام المعارک"، قاسم سوله‌یمانی بەشدارییەکی بەرچاوتر و چاودێرییەکی چڕتری هه‌بووه، چونکه ئەو ئۆپەراسیۆنە ببووە ئۆپەراسیۆنی کۆتایی و یەکلاکەرەوە".
حسێن مورتەزا لەباره‌ی هۆكاری ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی قاسم سولەیمانی و فەرماندەیی راسته‌وخۆی لەو ئۆپەراسیۆنەدا گوتوویه‌تی: "ئەمریکییه‌كان دەیانەویست ئه‌و هێزە کوردییانه‌ی كه پاڵپشتیان ده‌كه‌ن، به خێرایی بگەیێننە ئه‌لبوكه‌مال و لە رێگەی ئەوانەوە ئەو شارە كۆنترۆڵ بكه‌ن، ئەگەر ئەو هەلە بۆ ئه‌مریكا بڕه‌خسایه چیتر نە سوپا و نە بەرەی خۆڕاگری نەیاندەتوانی هیچ جۆرە ئۆپەراسیۆنێک بۆ وەرگرتنەوەی ئەو شارە ئەنجام بدەن. چونکه بە پێی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی، سوپای سووریا، ڕووسیا، بەرەی خۆڕاگریی و سوپای پاسداران بە هۆی تیرۆریستی بوونی گرووپی داعش، دەتوانن لە دژی ئەو گرووپە شەڕ بکەن. بەڵام سەبارەت بە گرووپەکانی دیکە و لەوان هەسەدە، بەو ئاسانییە نییە. چونکه بە بڕوای ئەمریکییه‌كان هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی "هەسەدە"ـش لە دژی داعش دەجەنگن. هەر بۆیە ئۆپەراسیۆنی "ام المعارک" لە ڕاستیدا ڕکابەرییەک بوو بۆ زاڵبوون بە سەر ئه‌لبوكه‌مال، بۆیه ئەگەر شەڕڤانانی هەسەدە یان ئه‌و هێزانه‌ی دیكه كه ئەمریکا پاڵپشتیان ده‌كات، بیاتوانیایه ئەو شارە بگرنەوە، بە کردەوە پێشگریان لە لکانەوەی سنوورەکانی سووریا و عێراق پێکەوە دەکرد و ئەوەش واتە هەرگیز سوپای سووریا لە لایەکەوە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە لایەکی دیکەوە له (ناوچەی قائم) نەیاندەتوانی سنوورە هاوبەشەکانیان بە تەواوەتی بە هی خۆیان بزانن و ئه‌وه‌ش، نیشاندەری گرینگیی تایبەتی ئۆپەراسیۆنەکەیە. چونکە هەر وەک سەید حەسەن نەسروڵڵاش لە لێدوانەکانی خۆیدا ئاماژەی پێداوە، ئه‌لبوكه‌مال ڕێڕەوی سەرەکیی نێوان هه‌ر دوو وڵاتی عێراق و سووریایە و لە هەمان کاتدا شوێنی ڕکابەریی سوپای سووریا و عێراق و بەرەی خۆڕاگریی لە لایەک و ئەمریکییه‌كان لە لایەکی دیکەوەیه، بۆ گرتنەوەی ئەو ڕێڕەوە ستراتژییه. بەڵام لە ئەنجامدا بەرەی خۆڕاگری توانی له‌و ڕکابەرییەدا سه‌ركه‌وتوو بێت و ڕێڕەوە سەرەکی و ستراتژییهکە کۆنتڕۆڵ بکاته‌وه".
سه‌رچاوه: ئاژانسی هه‌واڵی میهری ئێرانی