فوئاد مه‌عسوم به خۆی و وێنه‌كه‌یه‌وه له ئۆفیسی پارێزگاری كه‌ركووكه
له ئۆفیسی پارێزگاری كه‌ركووك وێنه‌ی فوئاد مه‌عسوم شوینی وێنه‌كه‌ی مام جه‌لال ده‌گرێته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
بۆ یه‌كه‌مجار وێنه‌ی فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆككۆماری عێراق له ئۆفیسی پارێزگاری كه‌ركووك هه‌ڵده‌واسرێت و وێنه‌كه‌ی مام جه‌لال، سه‌رۆككۆماری پێشووی عێراق لابراوه.
به‌گوێره‌ی وێنه‌یه‌ك كه له كاتی سه‌ردانی فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆككۆماری عێراق بۆ ئۆفیسی پارێزگای كه‌ركووك، بڵاوكراوه‌ته‌وه، له بری وێنه‌كه‌ی تاڵه‌بانی كه ساڵانێكه له پشت پاریزگاری شاره‌كه‌وه دانرابوو، لێكراوه‌ته‌وه‌و له بری ئه‌و وێنه‌ی فوئاد مه‌عسوم دانراوه.

نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركووك ساڵانێكی زۆر ئه‌و وێنه‌یه‌ی له پشت خۆیه‌وه دانابوو، چه‌ندین جاریش ئاماژه‌ی به دۆستایه‌تی نزیكی نێوان خۆی و مام جه‌لال كردووه‌و پاش رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ریش كه ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی به‌شداربوون له راده‌ستكردنی شاره‌كه گوتبووی: "مام جه‌لال، مام جه‌لالی من بوو، نه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی خیانه‌ت له رێبازه‌كه‌ی ده‌كه‌ن".
هه‌ر چه‌نده فوئاد مه‌عسوم له رۆژی 24/7/2014ـه‌وه بووه به سه‌رۆككۆماری عێراق، به‌ڵام له‌لایه‌ن حزبه‌كه‌ی خۆیشییه‌وه وێنه‌كانی وه‌ك سه‌رۆككۆمار له دامه‌زراوه‌كاندا ههڵنهدهواسران و له میدیاكانی یه‌كێتیشه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی به مام جه‌لال ده‌گوترا، به "فه‌خامه‌تی سه‌رۆككۆماریش" ناونه‌براوه. به‌ڵام دوای كۆچی دوایی تاڵه‌بانی و پاش راده‌ستكردنی شاری كه‌ركووك به هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق، بارودۆخی شاره‌كه به ته‌واوه‌تی گۆڕاوه‌و "پاریزگاری كه‌ركووك به وه‌كاله‌ت" وێنه‌كه‌ی مام جه‌لالی لاداوه‌و وێنه‌ی دكتۆر فۆئاد مه‌عسومی له ئۆفیسه‌كه‌ی هه‌ڵواسیووه.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه سه‌رۆككۆماری عێراق به سه‌ردانێك گه‌ڕاوه‌ته‌وه هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مڕۆش سه‌ردانی پارێزگای كه‌ركووكی كردووه.