"په‌كه‌كه‌ و حه‌شدی شه‌عبی له‌ شنگال بمێننه‌وه‌ برسێتی سه‌رهه‌ڵده‌دات"

قائیمامی شنگال: سەرجەم جومگەکانى ژیان لە قەزای شنگال لە دۆخێکى تەواو ناجێگیردایە

K24 - هه‌ولێر:

مەحما خەلیل ، قایمقامى قەزاى شنگال، رایگەیاند "سەرجەم جومگەکانى ژیان لە قەزای شنگال لە دۆخێکى تەواو ناجێگیردایە".

مەحما خەلیل به‌ ئاژانسی ئاژانسى ئانادۆڵوی توركیای گوتووه‌: "ئەگەر پەکەکە هەموو رۆژێک کەسێک وەک قایمقامى قەزاى شنگال دەستنیشان بکات، بەردەوام بێت لە گۆڕینى کەسەکان لە قایمقامى سەربازىیه‌وه‌ بۆ ئیدارى یان سیاسى، به‌ڵام ئیدارەى قەزاى شنگال و ئیدارەى پارێزگاى نەینەوا دان بەو ئیدارەیە نانێت کە لە لایەن پەکەکەوە دروست ده‌كرێت و بە توندترین شێوە ئەو جۆرە دەستوەردانە رەتدەکەینەوە".

قائیمقامی شنگال ده‌ڵێت: "پەکەکە ناتوانێت شنگال بەڕێوەببات، لەبەر ئەوەى خەڵکى ناوچەکە و تەواوى یەکە ئیدارییەکانى قەزاکە دژ بە بوونى پەکەکەن لە شنگال، هەر بەهۆى بوونى پەکەکە و حەشدى شەعبىیه‌وه‌ بوو کە خەڵکی ناوچه‌كه‌ ئاوارە بوون. ئەگەر پەکەکە و حەشدى شەعبى بانگەشەى ئەوە دەکەن ئەوان لەسەر داواکارى خەڵکى شنگال لە ناوچەکەن، ئەى بۆ خەڵک ناگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتى ئەوان و لە ئاوارەییدا ژیان بەسەر دەبەن؟".

مەحما خەلیل دەڵێت: "پەکەکە و حەشدى شەعبى لە شنگال هەموو جۆرە رێککەوتنێک لە نێوانیاندا هەیە و لە ئێستادا رێگرى دەکەن لەوەى هاوکارى مرۆیی بگەیەنرێتە ئەو خەڵکەى لە ناوچەکە گیریانخواردووە، بوونى ئەو گرووپە چەکدارانە بەجۆرێک کاریگەرى نەرێنى هەبووە، ئێستا رێژەى بێکارى لە ئاستێکى مەترسیداردایە و هاووڵاتییان ناتوانن بژێوى رۆژانەیان بەدەستبهێنن".

قایمقامى قەزاى شنگال ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: "ئەگەر پەکەکە و حەشدى شەعبى لە ناوچەکە بمێننەوە سەرهەڵدانى برسییەتى لە سنوورى شنگال ئەگەرێکى چاوەڕوانکراوە، چونکە خێزانى وا هەیە لەو خەڵکەى لە شنگال ماون، تەنانەت بڕە پارەى کڕینى یەک کیلۆگرام تەماتەیان نەماوە".

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی ئه‌نادۆڵوی توركی

Fly Erbil Advertisment