له جه‌نگی مووسڵدا 11 هه‌زار هاووڵاتی سڤیل كوژراون
سێ به‌شیان به‌هۆی هێزه‌كانی عێراق و هاوپه‌یمانه‌كانیانه‌وه كوژراون

K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی تایمزی بریتانی له ژماره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 21/12/2017 بڵاویكردووه‌ته‌وه كه له جه‌نگی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری مووسڵدا 11 هه‌زار هاووڵاتی سڤیل كوژراون.
بابه‌ته‌كه‌ی تایمز له‌ژێر ناوی "شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ 11 هه‌زار هاووڵاتی سڤیلی كردهووهته قوربانی" نوسیووه‌و ده‌ڵێت "له‌ماوه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ی هێزه‌كانی عێراق و هێزه‌كانی پاڵپشتیان بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری مووسڵ له ده‌ست چه‌كدارانی داعش ئه‌نجامیاندا، بووه‌ته هۆی كوژرانی 11 هه‌زار هاووڵاتی سڤیل، ئه‌وه‌ش ده به‌رامبه‌ری ئه‌و ژماره پێشبینیكراوه بووه كه پێشتر خرابووه‌ڕوو.
رۆژنامه بریتانییه‌كه روونیكردووه‌ته‌وه، سێ به‌شی ئه‌و كه‌سانه‌ی كوژراون به‌هۆی بۆمبابارانی فرۆكه جه‌نگییه‌كانه‌وه و ئه‌و مووشه‌ك و تۆپ و هاوهنانهوه بووه كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی عێراق و ئه‌و ھێزانه‌وه ئاراسته‌ی شاره‌كه كراون كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پاڵپشتیان ده‌كات. به‌شه‌كه‌ی دیكه‌یان به‌هۆی چه‌كدارانی داعشه‌وه كوژراون، به‌ڵام تا ئێستا هۆكاره‌كانی كوژرانی ئه‌و به‌شه‌ی خه‌ڵكی رووننه‌كراوه‌ته‌وه".
رۆژنامه‌كه نوسیوویه‌تی "ئه‌و ژماره زۆره كوژراوه له‌لایه‌ن ئاژانسی ئه‌سوشیتد پرێسیش له توێژینه‌وه‌یه‌كدا پشتڕاستكراوه‌ته‌وه‌و پشتیان به راپۆرتهكانانی نه‌خۆشخانه‌كان به‌ستووه، یان ئه‌و راپۆرتانه‌ی رێكخراوه سڤیله‌كان بڵاویانكردووه‌ته‌وه له‌وانه رێكخراوی "ئێر وۆرز" كه بۆمبارانی فڕۆكه‌كانی له عێراق و سووریا كردووه‌ته به‌ڵگه".
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ته‌نها دانیناوه به كوژرانی 326 كه‌س له عێراق، و ئیداره‌ی ئه‌مریكا ده‌ڵێت: "توانای ئه‌وه به‌رده‌ست نییه تا لێكۆڵه‌رانی بێلایه‌ن بنێرین بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یان ده‌ستكه‌وێت كه به‌و هۆیه‌وه كوژراون".
شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری مووسڵ ماوه‌ی زیاتر له 9 مانگ درێژه‌ی كێشا و جگه له كوژرانی ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیان، به‌شێكی زۆری شاره‌كه وێران بوو، به‌تایبه‌تی رۆژئاوای مووسڵ كه چه‌كدارانی داعش به‌رگرییه‌كی زۆرتریان تێداكرد.
سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ش هێشتا به‌شێكی ته‌رمه‌كان ژێر داروپه‌ردووی خانوو و باڵه‌خانه رووخاوه‌كان ده‌رنه‌هێنراون و به سه‌دان هه‌زار كه‌سیش ئاواره‌بوون.