حوكمڕانه‌كان پشت ده‌كه‌نه حكومه‌ت
ئه‌مڕۆ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان خۆی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
ئەمڕۆ شه‌ممه 23/12/2017 ئەنجوومەنی جێبەجێکاری یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی مانەوە یاخود کشانەوە لە كابینه‌ی هه‌شته‌می حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ی یه‌كگرتوو پاش بڕیاری كشانه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كه له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامییه كه پێش چه‌ند رۆژێك بڕیاری كشانه‌وه‌یاندا.
له‌وباره‌یه‌وه‌ی حاجی كاروان ــ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌كاتی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24 رایگه‌یاند، زۆربه‌ی ئه‌ندامانی یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی حزبه‌كه‌یانن له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو گوتیشی، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی یه‌كگرتوو كشانه‌وه به پێویست بزانن، ده‌نگی سه‌ركردایه‌تیش له‌گه‌ڵ ده‌نگی زۆرینه‌ی ئه‌ندامه‌كانیه‌تی بۆ هه‌ر پرسێك.
پرسی كشانه‌وه‌ی حزبه‌كان له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند جارێكی دیكه‌ش خراوه‌ته به‌رباس و كۆبوونه‌وه‌یان له‌باره‌وه كردووه، به‌ڵام كشانه‌وه له حكومه‌ت كه ته‌نها سێ مانگێك بۆ هه‌ڵبژاردن ماوه، بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت بووه‌ته مایه‌ی سه‌رسوڕمان و رۆژی پێنجشه‌ممه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گووتی: "خه‌ڵك له‌وه تێده‌گه‌ن كه مه‌به‌ستی ئه‌و حزبانه له كشانه‌وه له‌م كاته‌دا چییه، چونكه داوامان كردووه له ماوه‌ی 3 مانگی داهاتوو هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت".
به‌شێكی چاودێرانی سیاسی كشانه‌وه له حكومه‌ت له‌م كاته‌دا وه‌ك بانگه‌شه‌ی پێشوه‌خته‌ی هه‌ڵبژاردن ته‌ماشا ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی كه خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌تی و توندوتیژیشی درووستبووه‌و ئه‌و حزبانه نایانه‌وێت هیچ به‌رپرسیارێتییه‌كی خراپی دۆخی ئابووری بخه‌نه ئه‌ستۆی خۆیان، له كاتێكدا گۆڕان و كۆمه‌ڵ و له‌وانه‌شه ئه‌مڕۆ یه‌كگرتوو، كشانه‌وه وه‌ك پێویستی قۆناغه‌كه و درووستكردنی حكومه‌تێكی كاتی و باشكردنی ره‌وشی خراپی خه‌ڵك لێكبده‌نه‌وه.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه له دوو حزبه ئیسلامییه‌كه پۆستی زۆرتر و گرنگتری له حكومه‌تدا هه‌بوو، ماوه‌ی زیاتر له دوو ساڵه به‌هۆی قوڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ پارتی، وه‌زیره‌كانیان مۆڵه‌تدران و له‌و ماوه‌یه‌دا وه‌زیره‌كانیان هیچ حزوورێكیان له حكومه‌تدا نه‌بووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش گۆڕان ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوو كه پێشتر رێكخه‌ری كۆچكردووی بزووتنه‌وه‌كه ناوی "چوار ساڵی ئارامی" لێنابوو، نه‌كشانه‌وه، ته‌نانه‌ت چه‌ند رۆژێكی كه‌مه پۆستی پارێزگاری سلێمانی دراوه‌ته كاندیده‌كه‌یان "هه‌ڤاڵ ئه‌بوبكر" و پێناچێت له ئیداره‌ی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی بكشێنه‌وه‌و ته‌نها مه‌به‌ستیان كشانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانیان و سه‌رۆكی په‌رله‌مانه.