رێبه‌ری ئێران: ئه‌مریكا داعشی گواستووه‌ته‌وه ئه‌فغانستان
عه‌لی خامنه‌یی: ئه‌مریكا به‌و هۆیه‌وه پاساو بۆ مانه‌وه‌ی له ناوچه‌كه ده‌هێڵێته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری باڵای ئێران ده‌ڵێت: "ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، رێكخراوی داعشی له عێراق و سووریاوه گواستووه‌ته‌وه بۆ ئه‌فغانستان، بۆ ئه‌وه‌ی پاساوی مانه‌وه‌ی له ناوچه‌كه‌دا بهێڵێته‌وه".
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 30/1/2018 خامنه‌یی گوتوویه‌تی: "به‌داخه‌وه‌م بۆ ئه‌و كوشتارگه‌یه‌ی ئه‌م دواییه‌ی یه‌خه‌ی ئه‌فغانییه‌كانی گرت، داعش بووه هۆی ئه‌و كاره‌ساته گه‌وره‌یه".
رێبه‌ری باڵای ئێران ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه كه "كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی داعش، سه‌ره‌تای گواستنه‌وه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌یه بۆ ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه، پاش ئه‌وه‌ی له عێراق و سووریا شكستیان ھێنا. ئامانجی ئه‌مریكا له‌و كاره‌ش ئه‌وه‌یه، پاساو بۆ مانه‌وه‌ی له ناوچه‌كه به‌ده‌سته‌وه بێت و زامنی ئاسایش و سه‌قامگیریی (كیانی زایۆنیست) بكات".
خامنه‌یی ده‌ڵێت: "ئه‌و تیرۆریستانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه پاڵپشتی ده‌كرێن، جیاوازی له‌نێوان شیعه و سوننه ناكه‌ن، ئه‌وان خه‌ڵكه سڤیله‌كه ده‌كه‌نه ئامانج، جا سوننه بێت یان شیعه لای ئه‌وان جیاوازیی نییه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت سه‌قامگیریی ناوچه‌كه بشێوێنێ، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لانی ناوچه‌كه و حكومه‌ته‌كانیان به‌خۆیانه‌وه سه‌رقاڵبن و بیر له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و هۆكاره پیسانه نه‌كه‌نه‌وه كه ئامانجی گه‌وره‌كردنی كیانی زایۆنیسته".