هێڤا ميرخان: په‌رله‌مانى كوردستان خانه‌نشينى پله تايبه‌ته‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه
شايسته‌كانيان به شێوه‌يه‌كى ديكه رێكده‌خرێنه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
له كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مانى كوردستاندا، دواى گفتوگۆيه‌كى چڕ له باره‌ى پڕۆژه ياساى چاكسازى له مووچه و خانه‌نشينى ناياسايى، خانه‌نشينى پله تايبه‌ته‌كان هه‌ڵوه‌شايه‌وه و له‌مه‌ودوا په‌رله‌مانتارانيش به رێژه‌ى له‌سه‌دا 25ى مووچه‌كانيان خانه‌نشين ده‌كرێن و نابێت له هيچ حاڵه‌تێكدا خانهنشينيان بگاته له سه‌دا 60ى مووچه‌كانيان.
گۆران شاخه‌وان، په‌يامنێرى كوردستان24، كه رووماڵى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مانى كوردستانى ده‌كرد، ئاشكرايكرد، مادده‌ى سێيه‌مى پرۆژه ياساكه كه په‌يوه‌ست بووه به خانه‌نشينى ناياسايى زۆرترين مشتومڕى لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
له‌و باره‌يه‌وه، هێڤا ميرخان، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان گوتى: له خانه‌نشينى سه‌ربازيدا ئه‌وانه‌ى به ناياسايى خانه‌نشين كراوون، خانهنشينييهكهيان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و له چوارچێوه‌ى رێزلێنانى پێشمه‌رگه جێگه‌يان ده‌كرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى زيانيان به‌رنه‌كه‌وێت.
هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه، رێواس فايه‌ق، ئه‌ندامى ليژنه‌ى ياسايى له په‌رله‌مانى كوردستان، گوتى: پێشتر هه‌موو په‌رله‌مانتارێك به رێژه‌ى له سه‌دا 80ى مووچه‌كه‌ى خانه‌نشين ده‌بوو، ئێستا ئه‌وه نه‌ماوه.
گوتيشى: ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نيان له سه‌رووى 63 ساڵه‌وه بێت، خانه‌نشين ده‌كرێن. ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نيان له سه‌رووى په‌نجا بێت و پازده ساڵ خزمه‌تى هه‌بێت، دوو بژاريان له‌به‌رده‌مه، يان خانه‌نشين ده‌كرێن به رێژه‌ى له سه‌دا 25ى مووچهكهيان، يان ده‌چنه‌وه سه‌ر پيشه‌ى خۆيان. له هيچ حاڵهتێكيشدا كه‌سێك ته‌مه‌نى نه‌گه‌يشتبێته په‌نجا ساڵ و پازده ساڵ خزمه‌تى نه‌بێت، نابێت مووچه‌ى خانه‌نشينى بگاته سه‌دا 60ى مووچه‌كه‌ى.
بڕياره سبه‌ى كاتژمێر 10ى سه‌ر له به‌يانى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان ده‌ستپێ بكاته‌وه بۆ تاوتوێكردنى ئه‌و پرۆژه ياسايه.