یەكێتی فریای كۆنگرە ناكەوێت
سەركردەیەكی یەكێتی: بەم چەند رۆژە كۆنگرە ناكرێت
K24 - سلێمانی
پرسی ئەنجامدانی کۆنگرەی چواری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرەو ئاڵۆز بوون دەچێت و ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش ئاشکرای دەکات دەست بەکاربوونی لیژنە 11 کەسیەکەی یەکێتی بە سەرپەرشتی کۆسرەت رەسوڵ، بۆ بەرێوەبردنی ئەو حزبە کاتەکەی بەسەر چووە، ئەندامێکی دیکەی سەرکردایەتی ئەو حزبەش نایشارێتەوە کە ھەموو قورسایی خۆیان لەسەر ھەڵبژاردنەکانی ئایندەی پەرلەمانی عێراق داناوە.
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "ئەوە مانگی سێش ھات ھێشتا ھیچ نەكراوە بۆ بەستنی كۆنگرەی یەكێتی، چاوەڕێین كۆبوونەوەیەكی باشی سەركردایەتی بكرێت و بڕیاری تێدا بدرێت، بۆ ئەوەی یەكێتی بچێتەوە سەر رێڕەوی خۆی، ھەروەھا واز لە درووشم و پۆستی فەیسبووك بێنین".
گوتیشی: "پێم وایە بەو پەلە پەلە و لەماوەی 10 تا 12 رۆژ كۆنگرە ناكرێت، دەبێ بیر لە بەدیلی باشتر بكرێتەوە و ھەموومان لەسەری رێكبكەوین، بۆ ئەوەی كۆنگرە ھی ھەموومان بێت".
زۆرینەی ئۆرگانەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە تایبەت ئەنجوومەنی ناوەندی ئەو حزبە کە لە ئێستادا رەشنووسی پڕۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی بۆ کۆنگرەی 4ی یەکێتی داوەتە کادیرانی حزبەکەی و لەگەڵ ئەنجامدانی کۆنگرەن لە زووترین دەرفەتدا، بەڵام ئەندامێكی سەرکردایەتی یەکێتی لەگەڵ ئەوەی داوای کاراکردنەوەی لیژنەی کۆنگرە دەکات، دەشڵێت ئێستا یەکێتی ھەموو قورساییەکی خۆی بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق داناوە.
بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت: "لەم كاتەدا كاری لەپێشینە و گرنگی ئێمە وەك یەكێتی ھەڵبژاردنە، بۆیە ئێستا زیاتر كار لەسەر كاری داھاتووی پەرلەمانیمان دەكەین".
لەبارەی بەستنی كۆنگرە ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی گوتی: "ئەو لیژنەیەی پێشتر بۆ بەستنی كۆنگرە پێكھێندرابوو كاراكراوەتەوە و لیژنەكانی دیكە كە دروستكراون راپۆرتەكانیان ئامادەكردووە".
ئاشكراشی دەكات لەنێو حزبەكەی لەسەر كاتی بەستنی كۆنگرە رێكنەكەوتوون و دەڵێ: "لەبارەی ئەوەی كە كۆنگرەی چوار پێش ھەڵبژاردن بكرێت یان دوای ھەڵبژاردن تێڕوانینی جیاوازمان ھەیە".
ئەمە لەكاتێكدایە لە دوایین كۆبوونەوەی ھاوبەشی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی كە بەسەركردایەتی كۆسرەت رەسوڵ بەڕێوەچوو، تێیدا ئەنجوومەنی ناوەند رۆژی 5 ئاداری ئەمساڵی بۆ بەستنی كۆنگرە پێشنیازكرد و داواشی كرد كە لەماوەی دوو ھەفتەدا ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبەكەی خۆیی یەكلایی بكاتەوە و وەڵامیان بداتەوە.
H.M