عه‌بادی پێچه‌وانه‌ی قسه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كات

قسه‌ و كرداره‌ جیاوازه‌كانی عه‌بادی هاووڵاتیانی كوردستان توڕه‌تر ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

ھاوڵاتیانی ھەرێمی كوردستان بڕیاری درێژكردنەوەی داخستنی فرۆكەخانەكانی ھەولێر و سلێمانی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، بە كارتێكی دیكەی سیاسی دەزانن و داوا لە سەرۆك كۆماری عێراق دەكەن ھەڵوێستی خۆی بنوێنێت و رێگه‌ لە زیادكردنی گەمارۆكانی سەر ھەرێمی كوردستان بگرێت. لە كاتێكدا عەبادی ھەفتەی رابردوو رایگەیاند كە نزیكن فرۆكەخانەكان بكەنەوە، ئێستا قسەكانی عەبادی جۆرێكی لێھاتووه‌ كە پێچەوانە و دژی كردارەكانیەتی.

عەبادی پیاوی قسە و كردارە دژ بەیەكەكان، ڕەنگە بۆ ئێستا پێناسەیەكی لەمە باشتر بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئارادا نەبێت، لە  قسەكانی عەبادیدا لە میونشن كردنەوەی فرۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستان زۆر نزیك بووبوونەوە، كەچی دوای ھەفتەیەك لەم قسەیە بە بڕیارێك بۆ  3 مانگی دیكە داخستنی فرۆكەخانەكانی درێژكردەوە.

ئەم بڕیارەی حكومەتی عێراق لە كاتێكدایە ، ھەفتەی رابردوو ژمارەیەكی زۆر لە خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان و توشبووان بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان له‌ ھەرێمی كوردستان، لە ھەولێر خۆپێشاندانیان لە دژی داخستنی فرۆكەخانەكان ئەنجامدا و ئاماژەیان بەوەكرد بەھۆی داخستنی فرۆكەخانەكانەوە دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەكان كەم بوونەتەوە و ژیانیان كەوتووەتە مەترسی .

بۆیە ھاوڵاتیان بڕیارەكانی عەبادی بە كارتی فشار دەزانن و داوا دەكەن سەرۆك كۆماری عێراق ھەڵوێستی ھەبێت.

هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك له‌ ھاووڵاتییانی شاری سلێمانی سەركۆنەی بڕیارەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن سەبارەت بە درێژكردنەوەی داخستنی فرۆكەخانەكان و دەڵێن عەبادی دژایەتی ھاووڵاتییانی كوردستان دەكات و دەیەوێ لەسەر بنەمای دژایەتیكردن دەنگی زیاتر لە ھەڵبژاردنەكان بەدەستبێنێت و بەو بڕیارەش سەلماندی كە خەڵكی كوردستان سزا دەدات.

ئه‌مڕۆ سەرچاوەیەكی ئاگادار بە كوردستان24 راگەیاند: "بڕیاری داخستنی فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراق تا كۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ درێژكرایەوە".

سەرچاوەكە روونیكردەوە: "حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئابڵۆقەی ئاسمانی سەر ھەرێمی كوردستانی تا 31/5/2018 درێژكردووەتەوە".

ھاوكات تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، بڕیاری درێژكردنەوەی داخستنی فڕۆكەخانەكانی كوردستانی لەلایەن بەغدا بۆ كوردستان24 پشتڕاست كردەوە و گوتی: "بڕیاری قەدەخەكردنی گەشتە نێودەوڵەتییەكان لە فڕۆكەخانەكانی كوردستان بۆ سێ مانگی دیكە درێژكراوەتەوە".

ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی لە 25 ئەیلوولی ساڵی 2017 ئەنجامدرا و زیاتر لە 92% ھاووڵاتیانی باشووری كوردستان بە بەڵێ دەنگیان بۆ جیابوونەوە لە عێراق و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا، بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان لەلایەن كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانەوە، حەشدی شەعبی بە بڕیاری حكوومەتی عێراق ھێرشی سەربازی كردە سەر كوردستان. كەركووك و زۆربەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی لە 16 ئۆكتۆبەری 2017، بە ھاوكاری گرووپێكی نێو یه‌كێتی داگیركرد و پێشتریش فڕۆكه‌خانه‌كانی له‌سه‌ر گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان داخست.

Fly Erbil Advertisment