داوا دەكرێت گۆڕان پرسی خاوەنداریەتی میدیاكەی یەكلایی بكاتەوە
گۆڕان گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكات

K24 - سلێمانی
بڕیارە ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك کۆببێتەوە، ژمارەیەك لە ھەڵسوڕاوانی گۆڕانیش داوایان لە حزبەكەیان كردووە، پرسی خاوەنداریەتی میدیا یەكلایی بكاتەوە.
پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "بڕیاری ئەمڕۆ شەممە، دوای چەند مانگێك بۆ یەکەمجار جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێك کۆببێتەوە".
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێری کوردستان24 کەتووە: "تەوەری سەرەكی کۆبوونەوەکە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبێت کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت".
پەیامنێرمان راشیگەیاند: "بەشێکی زۆری هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان، داوایان لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی کردووە، پرسی خاوەنداریەتی میدیای گۆڕان یەکلابکرێتەوە، بەو پێیەی کەناڵی فەرمی بزووتنەوەکە ماوەیەکە داخراوە".
پاش كۆچی دوایی نەشیروان مستەفا، رێكخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، لە كۆتایی مانگی تەمموزی ساڵی 2017، گۆڕان ھەڵبژاردنی ناوخۆی ئەمجامدا و عومەری سەید عەلی وەك رێكخەری حزبەكە ھەڵبژێردرا، دوای ئەوە كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان زیاتر پەرەیان سەند و ژمارەیەك ھەڵسوڕاوی گۆڕان بە نامەی فەرمی و وتار رەخنەیان لە ھەڵبژاردنی رێكخەر و ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی گرت.
ھ.م