"داعش خۆی بۆ داگیركردنی شارێكی عێراق ئاماده ده‌كات"
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی: له‌م رۆژانه‌دا گه‌وره‌ترین ھێرشیان له باشووری شاره‌كه ئه‌نجامداوه

K24 - هه‌ولێر:
حاكم زاملی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، هۆشداریی ده‌دات و ده‌ڵێت: "چه‌كدارانی داعش پلان بۆ داگیركردنی شاری سامه‌ڕا له باكووری وڵات داده‌ڕێژن كه ژماره‌یه‌ك مه‌زارگه‌ی ئیمامه‌كانی شیعه‌ی تیدایه و به "پیرۆز" ناویان ده‌به‌ن.
ئه‌و هۆشدارییه‌ی زاملی هاوكاتی لێدوانی به‌رپرسێكی دیكه‌ی عێراقییه، كه له پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین رایگه‌یاندبوو: "هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هێرشێكی فراوانی چه‌كدارانی داعشیان تیكشكاندووه و ئامانجیان ئه‌وه بووه بچنه ناو شاره‌كه‌وه، به‌ڵام 9 چه‌كداریان كوژراون.
زاملی ئه‌و هێرشه به گه‌وره‌ترین هێرشی چه‌كدارانی داعش له باشووری سامه‌ڕا ناو ده‌بات و ده‌ڵیت، 3 چه‌كداری حه‌شدیش كوژراون.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی هۆشداریی ده‌دات و ده‌ڵێت: "ناوچه‌ی فه‌تحه بووه‌ته مۆڵگه‌ی شانه‌كانی داعش، له‌و ناوچانه بۆشایی له‌نێوان یه‌كه سه‌ربازییه‌كاندا درووستبووه كه بڵاوه‌یانپێكراوه، چه‌كدارانی داعش ئێستا پلان بۆ ئه‌وه داده‌ڕێژن، بچنه ناو سامه‌ڕاوه‌و مه‌زارگه‌كان بكه‌نه ئامانج".
زاملی ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه كه 11 هه‌زار چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی له ناوچه بیابانه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه كه 70 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌ونه باشووری سامه‌ڕاوه. به‌ڵام ناوچه‌كه زۆر فراوانه و پێویستی به ژماره‌یه‌كی زۆرتری هێزه ئه‌منییه‌كان هه‌یه".
ئه‌و بارودۆخه له كاتیكدایه، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان، له چه‌ندین بۆنه‌دا رایگه‌یاندووه: "داعش له رووی سه‌ربازییه‌وه كۆتایی هاتووه‌و پێویسته له رووی فیكرییه‌وه شه‌ڕیان له‌گه‌ڵدا بكرێت"، به‌ڵام رووداوه‌كان ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌ده‌ن، شانه نوستووه‌كان و پاشماوه‌ی چه‌كداره هه‌ڵاتووه‌كانی داعش له‌ناوچه‌كانی پێشووی شه‌ڕ، مه‌ترسی جددین له‌سه‌ر عێراق، وه‌ك ئه‌وه‌ی چه‌ندین جار به‌رپرسانی باڵای ئه‌منی و سه‌ربازی و هه‌واڵگری ئه‌مریكا ئاماژه‌یان پێكردووه‌و ده‌ڵێن: هێشتا داعش هه‌ڕه‌شه‌یه".