ئه‌یاد عه‌لاوی: پێویسته په‌له له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌ش بكرێت
پێویسته هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو خێراتربكرێن

K24 - هه‌ولێر:
ئه‌یاد عه‌لاوی، جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق، بڕیاری هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆی له‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی به ئه‌رێنی وه‌سفكرد و رایگه‌یاند، پێویسته هه‌نگاوی دیكه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كان بگیرێنه‌به‌ر.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌یاد عه‌لاوی، ئه‌و بڕیاره له چوارچێوه‌ی ته‌واوی ئه‌و هه‌وڵانه دێت، كه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان دراون له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق.
له به شێكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: "پێویسته هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو خێراتربكرێن بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان".
دوێنی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیرانی ناوخۆی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، به ئاماده‌بوونی ته‌واوی ئه‌فسه‌رانی پاسپۆرت و نیشنگه له عێراق و هه‌رێمی كوردستان، بڕیاریدا فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم به رووی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكاته‌وه.
دواتریش نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌و هه‌نگاوه كرد و هیوای خواست، ته‌واوی كێشه‌كانی دیكه‌ش به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن.
ا. م