ترسی له خاچدان به‌رۆكی كریستیانه‌كانی عێراق به‌رنادات
كریستیانه‌كانی كوردستان به كولیچه و هێلكه‌ی ره‌نگاو ره‌نگه‌وه پێشوازی له جه‌ژنی "هه‌ستانه‌وه‌ی مه‌سیح" ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:
جه‌ژنی هه‌ستانه‌وه "قیامه"، كه به (Easter)يش ناوده‌برێت، یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین جه‌ژنی مه‌سیحییه‌كان، له‌و جه‌ژنه‌دا یادی هه‌ڵسانه‌وه‌ی "مه‌سیح"ـه، دوای سێ رۆژ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر له خاچدانی.
به گوێره‌ی ئایینی مه‌سیحی، په‌یڕه‌وانی ئه‌و ئایینه، ماوه‌ی 40 رۆژ به‌ر له هاتنی جه‌ژنه‌كه به رۆژوو ده‌بن و به رۆژووی گه‌وره ناوده‌برێت.
ئه‌مساڵ جه‌ژنی قیامه هاوكاته له‌گه‌ڵ هاتنى ساڵی نوێی 7318, كه جه‌ژنی سه‌ری ساڵ به ئه‌كیتۆ ناوده‌برێت و به واتای هاتنی ساڵی نوێی بابلی و كلدانییهكانه و به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ش، كریستیانه‌كان له هه‌رێمى كوردستان, پشووی فه‌رمییان هه‌یه.
به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ش، مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، په‌یامێكی پیرۆزبایی جه‌ژنی قیامه و سه‌ری ساڵی بابلی و كلدانی، ئاراسته‌ی خوشك و برا مه‌سیحییه‌كان كرد و رایگه‌یاند، هیوادارم ئەو بۆنەیە ببێتە هۆی بەدیهاتنی برایەتی و تەبایی و سەقامگیری و، تیرۆر و توندڕۆیی تێكبشكێت. هەروەها كۆتایی بە نەهامەتییەكانی خوشك و برا مەسیحییەكان و پێكهاتەكانی تر لە عێراق و ناوچەكەدا بێت و هەموو لایەك بە ئاشتی و ئازادی لەگەڵ یەكتردا بژین.
به‌م بۆنه‌یه‌وه، لویس روفائیل ساكۆ، بهتریركی كلدان له عێراق و جیهان، وێڕای ناردنی په‌یامی پیرۆزبایی جه‌ژنه‌كه رایگه‌یاند، ره‌وشی مه‌سیحییه‌كانی ناسه‌قامگیره، به‌تایبه‌تیش به‌هۆی هاتنی داعشه‌وه و گوتیشی: "راسته ئازاره‌كان قووڵن، به‌ڵام ئومێدمان هه‌یه و هیواكانیشمان گه‌وره‌ن".
له باره‌ی ره‌وشی مه‌سیحییه‌كان له ده‌شتی نه‌ینه‌وا، بهتریركی كلدان رایگه‌یاند، ره‌وشه‌كه له‌چاو ناوچه‌كانی دیكه ئاڵۆزتره و گوتی: "به‌هۆی بوونی گرووپی چه‌كداری ههمهجۆر و نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی، ره‌وشی ناوچه‌كه ئاڵۆزتره له‌چاو ناوچه‌كانی دیكه".
به گشتی مه‌سیحییه‌كانی عه‌نكاوه و شه‌قڵاوه و ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان له‌گه‌ڵ هاتنی ئه‌و جه‌ژنه، به شێوازی تایبه‌تی خۆیان، له كه‌شێكی سه‌قامگیر، خۆشی خۆیان ده‌رده‌بڕن و كولیچه و هێلكه‌ی ره‌نگاو ره‌نگ بۆ ئه‌و جه‌ژنه ئاماده ده‌كه‌ن و شیرینی به‌سه‌ر میوانان و ئاماده‌بوواندا ده‌به‌خشنه‌وه. له هه‌رێمی كوردستان موسڵمانه‌كانیش له بۆنه و یاده‌كانی كریستیانه‌كاندا به‌شداریی ده‌كه‌ن و به پێچه‌وانه‌شه‌وه كریستیانه‌كان ده‌چنه یاد و جه‌ژنه ئایینییه‌كانی موسڵمانان.
له دوای ئه‌و توندوتیژییانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌و پێكهاته‌یه له ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق كراون، به‌شێكی زۆریان سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرتووه‌و ناوچه‌كانی خۆیان جێهێشتووه و روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه.
له‌گه‌ڵ هاتنی چه‌كدارانی داعش‌یش له حوزه‌یرانی 2014 بۆ پارێزگای نه‌ینه‌وا، زیاتر له 20 هه‌زار خێزانی كریستیان ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوون.