شا سه‌لمان و تره‌مپ له‌سه‌ر به‌رنگاربوونه‌وه‌ی رۆڵی تێكده‌رانه‌ی ئێران رێكده‌كه‌ون
شا سه‌لمان: پێویسته قه‌یرانی سووریا چاره‌سه‌ر بكرێت و یه‌كپارچه‌یی خاكه‌كه‌ی پارێزراو بێت

K24 - هه‌ولێر:
پاشای سعوودیه و سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رۆڵی تێكده‌رانه‌ی ئێران له رۆژهةڵاتی ناوه‌ڕاستدا رێكده‌كه‌ون.
ئێواره‌ی رۆژی دووشه‌ممه 2/4/2018 شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز، پاشای سعوودیه و دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ده‌رباره‌ی رۆڵی ئێران له تێكدانی سه‌قامگیری ناوچه‌كه گفتوگۆیان كردووه و به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی كۆشكی سپی، له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا باس له وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستێكی به‌ھێز به‌رامبه‌ر میلیشیا حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن كراوه كه به‌هۆی ئێرانه‌وه به‌رده‌وامه له "كرده‌وه دوژمنكارییه‌كانی".
ئاژانسی هه‌واڵی سعوودییه "واس" ته‌ئكیدیكردووه‌ته‌وه كه شانشینی سعوودیه هه‌وڵه‌كانی بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی سیاسی قه‌یرانی یه‌مه‌ن چڕكردووهتهوهو ده‌یه‌وێت فریاگوزاری بگه‌یه‌نێته گه‌لی یه‌مه‌نی".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه تره‌مپ ته‌ئكیدی كردوووه‌ته‌وه كه پێویسته رێگه له مه‌ترسی ئێران بگیرێت، چونكه بووه‌ته هۆی ناسه‌قامگیری ناوچه‌كه و ئاماژه‌ی به رۆڵی سعوودیه له سه‌قامگیریی ناوچه‌كه كردووه".
له‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌دا جگه له باسكردنی پرۆسه‌ی ئاشتی فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل، تره‌مپ و شا سه‌لمان باسیان له هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كردووه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی رێكخراوی داعش له عێراق و سووریا. شا سه‌لمان ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه، پێویسته چاره‌سه‌رێك بۆ قه‌یرانی سووریا بدۆزرێته‌وه كه یه‌كپارچه‌یی ئه‌و وڵاته بپارێزێت و له ئاست داخوازییه‌كانی خه‌ڵكه‌كه‌یدا بێت".