"ئه‌مریكا بریكاری گۆڕینی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ده‌ستنیشانكرد"
نه‌یاره سه‌رسه‌خته‌كه‌ی ئێران "پاشای 50 ساڵی داهاتوو ده‌بێت"

K24 - هه‌ولێر:
گۆڤاری (The New Yorker)ـی ئه‌مریكی له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، ئیداره‌كه‌ی سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی بۆی ده‌گه‌ڕان، له محه‌مه‌د بن سه‌لمان شازاده‌ی جێنشینی سعوودییه‌دا دۆزیویانه‌ته‌وه تا بیكه‌نه بریكاری خۆیان و ئه‌ركی گۆڕانكاری ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی بده‌نه ده‌ست، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رۆڵی به‌رچاو له‌و بواره‌دا به ئیمارات ده‌درێت.
له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد و درێژماوه‌ی نووسه‌ری ئه‌مریكی ناودار "دیكستهر فیلكینز"دا كه به‌ناوی "شازاده‌ی سعوودیه له ڤێرژنی نوێی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گه‌ڕێت" ده‌ڵێت: "به‌رپرسێكی پێشووی ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ گوتوویه‌تی، واشنتن به‌دوای بریكارێكهوهیه بۆ ئه‌وه‌ی له رێگه‌یه‌وه گۆڕانكاری له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكات، ئه‌و خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی ئه‌مریكا به‌دوایدا وێڵه، له محه‌مه‌د بن سه‌لماندا دۆزیویهتییهوهو بڕیاریداوه له ئامێزی بگرێت تا گۆڕانكارییه‌كه بگه‌یه‌نێته ئه‌نجام".
هه‌روه‌ها ده‌ڵیت: "جه‌یرد كۆشنه‌ر، زاوای تره‌مپ و ستیڤ بانون، راوێژكاری پێشووی تره‌مپ كاتێك باسی گۆڕانكاری ناوچه‌كه‌یان كردووه، محه‌مه‌د بن سه‌لمان یه‌كه‌م كه‌س بووه كه خۆشحاڵی خۆی به‌و گۆڕانكاریانه ده‌ربڕیوه‌و ئه‌مریكاش له ئامێزی گرتووه چونكه به فاكته‌ری گۆڕانكاریی ده‌بینێ".
لێكۆڵینه‌وه‌كه باسی رۆڵی یوسف عوته‌یبه، باڵیۆزی ئیمارات له واشنتن ده‌كات له بانگه‌شه‌كردن بۆ محه‌مه‌د بن سه‌لمان و به‌رده‌وام ده‌ڵێت: محه‌مه‌د بن سه‌لمان پاشای 50 ساڵی داهاتوو ده‌بێت.
گۆڤاره ئه‌مریكییه‌كه نوسیوویه‌تی، محه‌مه‌د بن زاید، شازاده‌ی جێنشینی ئه‌بو زه‌بی یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی هاوكاری محه‌مه‌د بن سه‌لمانی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی خۆی بسه‌پێنێ، چونكه ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی تێدا بینیوه كه پێویسته له سه‌ركرده‌یه‌كدا هه‌بێت بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی دوژمنه‌كانی".
له بابه‌ته‌كه‌دا پرسی قه‌یرانی كه‌نداو خراوه‌ته روو كه پێشتر به چه‌ته‌كانی ئینته‌رنێت و هاككردنی ئاژانسی هه‌واڵی قه‌ته‌ری ده‌ستیپێكرد و پلانی گه‌مارۆخستنه سه‌ر قه‌ته‌ریش له مانگی ئایاری ساڵی رابردوو له كاتی سه‌ردانی تره‌مپ بۆ سعوودیه رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرابوو و جێبه‌جێیش كرا، به‌ڵام وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاگادار نه‌بووه. ئه‌و كاته‌ی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌و هه‌نگاوه توڕه بوون، به‌ڵام ئیمارات ئاگاداری كردوونه‌ته‌وه كه كۆشكی سپی پێشوه‌خته ئاگاداری ئه‌و پلانه بووه.