به ڤیدیۆ.. وه‌زیری به‌رگری گاڵته له‌گه‌ڵ بۆڵتن ده‌كات: ده‌ڵێن تۆ شه‌یتانى بينراوى
"ئه‌ندازیاری شه‌ڕ" سه‌رنجه‌كانی خۆی ده‌گه‌یه‌نێته وه‌زیری به‌رگری

K24 - هه‌ولێر:
له یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌دا جه‌یمس ماتیس، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا به گاڵته و پێكه‌نینه‌وه پێشوازی له جۆن بۆڵتن، راوێژكاری نوێی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات.
به گوێره‌ی ئه‌و گرته ڤیدیۆییه‌ی له‌لایه‌ن میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا بڵاوكراوه‌ته‌وه، ماتیس له‌سه‌ر پلیكانه‌كانی پنتاگۆن و له‌كاتی ته‌وقه‌كردن له‌گه‌ڵ بۆڵتن، كه به یه‌كێك له هه‌ڵۆكانی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ناسرێت، ده‌ڵێت: "سوپاس بۆ هاتنت، خۆشحاڵم كه یه‌كترمان بینی، بیستوومه ده‌ڵێن تۆ شه‌یتانی بینراوی".
رۆژی 23ی ئاداری رابردوو، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، هێربه‌رت ماكماسته‌ر، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا لابردووه و له جێگه‌ی ئه‌و، جۆن بۆڵتن، له‌و پۆسته ده‌ست به‌كار ده‌بێت.
ماتیس پێشتر ره‌تیكرده‌وه باس له‌و گرفتانه بكات كه له‌كاركردن له‌گه‌ڵ بۆڵتن دێنه پێشییه‌وه و گوتی: "هیچ دوودڵی و نیگه‌رانییه‌ك نییه".
سه‌باره‌ت به هه‌بوونی بیروڕای جیاواز و پێچه‌وانه‌ش له نێوانییان، له باره‌ی كشانه‌وه له رێككه‌وتنی ناووكی له‌گه‌ڵ ئێران، لێدانی گورزی پێشوه‌خته له كۆریای باكوور و چه‌ند پرسیكی دیكه، ماتيس گوتی: "هیوادارم بیروڕای جیاوازمان هه‌بێت سه‌باره‌ت به ره‌وشی جیهان، چونكه پێویستمان به‌و بیروڕا جیاوازییه هه‌یه".
بۆڵتن یه‌كێكه له‌وانه‌ی هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رامبه‌ر به رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئێران و كۆریای باكوور توند بووه و پشتیوانی شه‌ڕی عێراقیشی كردووه، بڕیاریشه له 9ی ئه‌م مانگه، بۆڵتن، كه به هه‌ڵۆی ئیداره‌ی كۆمارییه‌كان ناسراوه، به فه‌رمی له پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستبه‌كار بێت.
جه‌یمس ماتیس، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، به‌هۆی ساڵانی زۆری خزمه‌ت له ریزی سوپا و توندوتۆڵییه‌كه‌ی، به "سه‌گه هاره‌كه" ناوده‌برێت، ئه‌ویش جۆن بۆڵتن به "شه‌یتانی بینراو" وه‌سف ده‌كات.
ا. م
Defense Secretary Mattis jokes that he's heard new White House national security adviser John Bolton is "actually the devil incarnate." ?
— EAGLE WINGS (@RealEagleWings) March 30, 2018
.@AmbJohnBolton is just what we need pic.twitter.com/4XHF8anYPe