بەیان سامی: عێراق ئەزموونی تاڵی لە حووکمی زۆرينە ھەیە
"لە بەغدا کورد هاورێی وای هەیە کە بگەنە رێکەوتنێکی نیازپاکانە"
K24 - واشنتن
سیمینارێکی پەیمانگەی ئەمریکا بۆ ئاشتی، شارەزایان و سیاسەتوانان و کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە ئەمریکا کۆکردەوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بۆچوونیان سەبارەت بە هەڵبژاردەنەکانی داهاتووی عێراق و هەلومەرج و دەرفەتەکانی کورد لەو پرۆسەیە. راوێژکارێكی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێی وایە کورد جگە لە کارکردن لەگەڵ بەغدا بژاردەیەکی نییە. لە بەغدا کورد هاورێی وای هەیە کە دەیانەوێت لەگەڵ کوردستان بگەنە رێکەوتنێکی نیازپاکانە، نوێنەری حكوومەتی ھەرێمیش لە ئەمریكا رایدەگەیەنێت، عێراق ئەزموونێکی تاڵی لە حووکمی زۆرينەدا ھەیە.
لەگەڵ نزيکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن لە عێراقدا پەيمانگای ئەمريکا بۆ ئاشتی، لە سيمينارێکدا نوێنەرانی ئيدارەی ئەمريکی و سياسەتوانانان و ئەفسەرانی باڵای سەربازی کۆکردەوە، بۆئەوەی گوێبيستی تێڕوانين و بۆچوونەکانی هەريەك لە باڵيۆزی عێراق و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمريکا ببن. سەبارەت بە کێشەناوخۆييەکانی عێراق و چۆنيەتی مسۆگەرکردنی وڵاتێکی فيدڕاڵی ديموکراسی کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تيادا پارێزراو بێت.
بەیان سامی، نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ئەمریكا بە كوردستان24 رایگەیاند: "عێراق ئەزموونێکی تاڵی هەيە لە بواری حووکمی زۆرينەدا، خۆی وڵاتێکە لە کورد وعەرەب و تورکمان و ئێزيدی و چەندين ئايين و پێکهاتەی جياواز پێکهاتووە، راستە ئەزموونی ديموکراسی هەق بە زۆرينەی دەنگ دەدات، بەڵام ئەمە لە عێراق سەرناگرێت و دەبێ حکوومەتێکی هەمە لايەنە بێ بۆ ئەوەی مافی هەمووان مسۆگەر بێت".
دێیڤید پۆلاك، راوێژکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە كوردستان24 گوت: "ئێستا کورد هیچ بژاردە یان جێگرەوەیەکی دیكەی نییە. دەبێت لەگەڵ حکوومەتی بەغدا کار بکات. پێموایە ئەمە دوای ریفراندۆم و هەموو ئەو شتانەی کە روویدا، روون بووە. بەڵام هیوادارم کورد بەشداری لە دەنگدان بکات. وابزانم کورد هاوڕێی وای لە بەغدا هەیە کە دەیانەوێت لەگەڵی بگەنە رێکكەوتنێکی نیازپاکانە".