پاسدارانی ئێران گەنجێكی كەلاریان كوشت و یەكێكی دیكەشیان بریندار كرد

"تەرمی كوژراوەكە و گەنجە بریندارەكە لە ژێر دەستی پاسدارانن"

K24- گەرمیان

پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "چوار گەنجی دانیشووی سنووری كەلار كە بە مەبەستی راوكردن چوونەتە نێوخاكی ئێران، لەلایەن پاسدارانی ئێران دەستڕێژی گولـلەیان لێدەكرێت، گەنجێكیان كوژراوە و یەكێكی دیكەش برینداركراوە".

سەردار محەمەد، بەڕێوەبەری ناحییەی مەیدانی سەر بە قەزای كەلار بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو گەنجانە لە سنووری مەیدان چوونەتە نێو خاكی ئێرانەوە، لەلایەن پاسدارانی ئێران تەقەیان لێكراوە، لە ئەنجامدا یەكێك لەو گەنجانە بە ناوی بێباك ئیسماعیل، كوژراوە كە پیشەكەی مامۆستایە و یەكێكی دیكەش برینداربووە، تەرمی بێباك و بریندارەكە لە ژێر دەستی پاسدارانی ئێراندایە".

گوتیشی: "دوو گەنجەكەی دیكە رایانكردووە و ھاتوونەتەوە دیوی كوردستان، لەلایەن ئاسایش دەستگیركراون، لە لێكۆڵینەوەكان دانیان بەوەداناوە كە بۆ راوكردنی باڵندە و ئاژەڵی كێوی چوونەتە دیوی ئێران".

بەڕێوەبەری ناحییەی مەیدان ئاشكرای كرد: "ھەوڵەكانی ئیدارەی گەرمیان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوامە، بۆ ئەوە تەرمی كوژراوەكە و گەنجە بریندارەكە، كە لەژێر دەستی پاسدارانی ئێراندان، بگەڕێندرێنەوە كوردستان".

بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، بەرپرسانی ئێران گوتویانە دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان تەرمی كوژراوەكە و گەنجە بریندارەكە رەوانەی ھەرێمی كوردستان دەكەنەوە.

ھ.م

پاسدارانی ئێران گەنجێكی كەلاریان كوشت و یەكێكی دیكەشیان بریندار كرد
پاسدارانی ئێران گەنجێكی كەلاریان كوشت و یەكێكی دیكەشیان بریندار كرد
پاسدارانی ئێران گەنجێكی كەلاریان كوشت و یەكێكی دیكەشیان بریندار كرد